ناس کورد-
لە ڕووداوێکی سەرنجڕاکێشدا لە وڵاتی هندستان ژنێکی تەمەن 70 ساڵ لەڕێگەی "چاندنی دەستکرد" بووە دایک و بەوەش دوای 45 ساڵ هاوسەرگیری لەگەڵ هاوسەرەکەیدا بوونە خاوەنی منداڵێک.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی ئاژانسی "NationalNews" ژنەکە ناوی جیونبن رابەری و هاوسەرەکەشی ڤالجیبای ڕابەری تەمەنی 75 ساڵە و منداڵێکیان بووە ناویان ناوە "لالۆ".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ژن و پیاوە ماوەی 45 ساڵە هاوسەرگیرییان کردووە و دەیان ساڵە لە هەوڵی ئەوەدابوون منداڵێکیان ببێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، هەربۆیە لەوە دەترسان بمرن و ئاواتەکەیان نەیەتەدی.
ئەگەرچی تەمەنی ئەوان زۆر بووە، بەڵام کاتێک لەڕێگەی خزمەکانیانەوە شێوازی "چاندنی دەستکرد"یان بیستووە بۆ منداڵبوون کە شێوازێکی نوێی منداڵبوونە بەڕێگەی چاندنی تۆوی پیاو لە ڕەحمی ئافرەتدا، بڕیاریان داوە ئەو ڕێگەیەش بگرنەبەر بۆ هێنانەدنیای منداڵێک.
دکتۆر بانوشاڵی ڕاگەیاندووە، "کاتێک ساڵ و نیوێک لەمەوبەر ئەو ژن و پیاوە هاتنە لام و ژنەکە وتی دەمەوێت منداڵم ببێت توشی شۆک بووم، ئاگادارم کردەوە کە ئەو تەمەنی زۆرە و ئەو کارە مەترسیدارە، بەڵام ئەو وتی، ئاواتی ئەوەیە پێش ئەوەی بمرێت ببێت بە دایک."
لەدوای ئەوەی چاندنەکە سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام لە مانگی هەشتەمی دووگیانیدا، ژنەکە پەستانی خوێنی بەرزدەبێتەوە، هەربۆیە پزیشکەکان بڕیاریان دا لە هەشت مانگیدا منداڵەکە بە نەشتەرگەریی لە سکی دایکەکە دەربهێنن.