گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات

ژووری بازرگانیی سلێمانی: وەبەرهێنەرانی هەرێم کارەکانیان دەبەنە بەغدا

2021.10.21 - 20:54
App store icon Play store icon Play store icon
ژووری بازرگانیی سلێمانی: وەبەرهێنەرانی هەرێم کارەکانیان دەبەنە بەغدا

ناس کورد- 

جێگری دووەمی سەرۆکی ژووری بازرگانی‌ و پیشەسازی سلێمانی دەڵێت، بەشێک لە بازرگانان‌ و وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان بۆ کارکردن‌ و فراوانکردنی کارەکانیان روو لەبەغدا دەکەن‌ و کارەکانیان دەبەنە شارەکانی خواروی عێراق، ئەوەش بەهۆی رۆتینیاتی حکومەت‌ و ڕایی نەکردنی کاری بازرگانانەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 



لە ڕاگەیەنراوێکدا نەوزاد غەفور، جێگری دووەمی سەرۆکی ژووری بازرگانی‌ و پیشەسازی (پێنجشەممە21ی تشرینی یەکەمی 2021) ڕایگەیاند، " ئەو بازرگانە کوردانەی لەئێستادا هاوردەی خۆراک‌ و کەلوپەل لەدەروازەکانی خواروی عێراق دەکەن‌ و لەدەروازەکانی هەرێم هاوردەی ناکەن، هۆکارەکەی ئەوەیە لە بازگەکانی خوارووی عێراق رسوماتی گومرگی وەک خۆی وەرناگیرێت، بەڵام لە دەروازەکانی هەرێم پێناسی گومرگی کە بۆ خۆراک‌ و کاڵا دانراوە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش وایکردووە بازرگانانی هەرێم لەدەروازەکانی خواروی عێراق کاڵا هاوردە بکەن، چونکە لە خاڵە گومرگیەکانی هەرێم هیچ کارئاسانی‌ و کەمکردنەوەی گومرگ نیە." 




 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو وەبەرهێن‌ و کۆمپانیایانەی کە ڕوو لە شارەکانی خوارووی عێراق دەکەن‌ و کارەکانیان دەبەنە بەغدا لەبەرئەوەیە لێرە کۆمەڵێک ڕۆتین ڕووبەڕووی بازرگان‌ و وەبەرهێن دەکرێتەوە کاتێک پرۆژەیەک پێشکەش دەکات، هەر لەپێدانی زەوی‌ و ڕادەستکردنەوەی مامەڵەکانی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، کە دوو ساڵی پێدەچێت، ئەمەش وادەکات بازرگانان‌ و وەبەرهێنەران ڕووبکەنە شارەکانی خواروی عێراق بەتایبەت بەغدا".

 

ڕوونیشیکردووەتەوە، "نەبوونی سیستمی بانکی لەناو هەرێم هۆکارێکی ترە کە بازرگانان ڕوو بکەنە شارەکانی خوارووی عێراق، چونکە بانکە حکومیەکان‌ و بانکە تایبەتەکان جێگەی متمانەی بازرگان‌و وەبەرهێن نین، بانکە عێراقیەکان پێشینەو قەرز دەدەن بەکۆمپانیاکان لەشارەکانی خوارووی عێراق‌ و کاریگەریی خۆی هەیە، فرۆشتنی نرخی دۆلاریش بەبازرگانان بەنرخی بانکی ناوەندی‌و چەندین هۆکاری دیکە هۆکارن کەوا دەکات کاری بازرگانی لەهەرێمی کوردستانەوە بگوازرێتەوە بۆ بەغدا".

 

باسی لەوەشکردووە، "ژوورە بازرگانیەکان بەتایبەتی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ماوەی دە ساڵە لەهەموو کۆڕ و کۆنفرانس‌ و کۆبوونەوەکان لەگەڵ وەزیرو بەرپرسەکان‌ و بەڕێوەبەرە گشتیەکان ئەم زانیاریانەمان پێداون، وا ئێستا هەموو ئەو ئاماژانە دەردەکەون کە ئێمە بەراپۆرت حکومەت‌ و لایەنە پەیوەندیدارەکانمان لێئاگادار کردووەتەوە".

 

نەوزاد غەفور ئاماژەی بەوەشکردووە، "من هیچ دڵخۆش نیم بەوەی کاتێک دەوترێت داهاتی حکومەت لەخاڵە سنوریەکان زیادی کردووە بەهاوردەکردنی کاڵاو خۆراک، ئەمە پێی ناوترێت ئابوریی سەرکەوتوو، ئابوری سەرکەوتوو ئەوەیە کە هاوردەوکردن کەم بکەیتەوە و هەناردە کردن زیاد بکەیت، ئەمە ئابوری سەرکەوتووە".