ناس کورد-
بەرپرسێکى ئێرانى ڕایدەگەیەنێت، 80%ى کارگە و یەکەکانى وەبەرهێنان لە وڵاتەکەى لەکارکردن وەستاون، هۆکارەکەشى بۆ نەبوونى پارەى نەختى و ماددەى سەرەتایی دەگەڕێنێتەوە.
.
عەبدوڵا ڕەزائیان ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتى لیژنەى پیشەسازى و وەبەرهێنان لە ئەنجومەنى ڕاوێژکارى ئێران، بە ڕۆژنامەى گەشەپێدانى ئێران 'تەنمیە ئێران'ى ڕاگەیاندووە: "80%ى یەکەکانى بەرهەمهێنانى ئێرانى لەکار وەستاون، هۆکارەکەشى ئەوەیە بانکەکانى ئەو وڵاتە هەماهەنگیان نین، بۆ ئەوەى پارەى نەختینەیان پێشکەش بکەن".
.
ڕەزائیان ئاماژەى بەوەشکردووە: "لە ئێستادا فشارێکى زۆر لەسەر وەزارەتى پیشەسازى ئێران هەیە، بۆ ئەوەى مەوادى خام و سەرەتایی بۆ کارگەکان دابین بکات".
.
ئەو بەپرسە ئێرانییە نەیشاردووەتەوە، سزاکانى سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە زەبرى کوشندەى بە کەرتى پیشەسازى ئەو وڵاتە گەیاندووە، چونکە ئەو کەرتە پێویستى بە پارەى نەختینە و ماددە سەرەتاییەکان هەیە کە لە ئێستادا بە زەحمەت بۆیان پەیدا دەبێت.
.
عەبدوڵا ڕەزائیان، داواى لە حکومەتى ئێرانى کردووە، کە سەرمایە بۆ ئەو یەکە پیشەسازى و بەرهەمهێنانانە دابین بکات، بەتایبەت بۆ 80%ەى کە کارەکانیان وەستاون.
.
.