ناس کورد-
سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار لە بەغدا بە "ناس كورد"ی ڕاگەیاند دۆسییەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی 2021 یەكلایی بووەتەوە و ئەوەی ماوە یەكلایی كردنەوەی هەندێ تانە و سكاڵایە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرچاوەكە ئەوەشی ڕوونكردەوە (20ی تشرینی یەكەمی 2021) گفتوگۆكانی پشت پەردە ئەنجامەكان و خاڵی هەڵبژاردنیان تێپەڕاندووە بەتایبەت پاش ئەوەی پرۆسەكە ستایشی چاودێرانی بیانی و وڵاتانی هەرێمایەتیشی بەدەستهێنا و ئەوەی ماوەتەوە رێكارە یاساییە باوەكانی پاش هەر هەڵبژاردنێكە كە یەكلایكردنەوەی هەندێك سكاڵا و تانەیە كە دەشێت كورسی لایەنێك یان كاندیدێك بگۆڕێت یان نەیگۆڕێت.
بەگوێرەی سەرچاوەكەی "ناس" دوێنێ و ئەمڕۆش لەبەغدا بەرەوپێشچوون هەبووە لەناو شیعەكان لەبارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و دانوستانەكانی قۆناغی داهاتوو، لە رۆژانی داهاتووشدا چاوەڕوانی زیاتر دەكرێت.
دوێنێ شەو عەممار حەكیمی سەرۆكی ڕەوتی حیكمە پێشوازی لە شاندێكی سەدری كرد و پیرۆزبایی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی لێ كردن، ئەمڕۆش هادی عامری داوای لە خۆپیشاندەرانی فەتح كرد ئاشتەوایی بپارێزن و دەست لە جادەبڕین و تایە سووتاندن هەڵگرنو پەنا بۆ رێگای یاسایی و دەستوری ببەن بۆ ناڕەزایەتی و پێشكەشكردنی سكاڵا.
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی "ناس" ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی پاش یەكلاكردنەوەی تانەكان و پەسەندكردنی لە دادگای فیدراڵی 30_45 رۆژ دەبات لە حاڵەتی ئاساییدا و ئەمەش نەرێتی باوی چوار خولەكەی تری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بووە.