ناس كورد-
پارتی دیموكراتی كوردستان لە سێ بازنەی پارێزگای نەینەوا نۆ كورسی بەدەستهێناوە كە كورسییەك زیاتر دەكات لە پشكی هاوپەیمانییەكەی حەلبوسی و پێنج كورسی هەڵكشاوە لە چاو هەڵبژاردنی پێشوو لە 2018.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن كە كۆمسیۆنی باڵا ڕایگەیاندووە و "ناس كورد" خوێندنەوەی بۆ كردووە (18ی تشرینی یەكەمی 2021)، پارتی دیموكراتی كوردستان یەكەمی پارێزگای نەینەوایە پاش ئەوەی نۆ كورسی بەدەستهێنا و بە كورسییەك پاش "التقدم"ی حەلبوسی كەوت (8 كورسی)، هەر لەم پارێزگایەشدا سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی فالح فەیاز دوو كورسی بەدەستهێناوە.
ئەنجامەكانی ئەم پارێزگایە ئەوەش ئاشكرا دەكەن وەعد قەدۆ (ئەبو جەعفەر شەبەكی) كە فەرماندەی لیوای 30ی حەشدی شەعبییە و لە لیستی سزاكانی ئەمەریكادایە كورسی كۆتای شەبەكییەكانی بردووە، لیواكەشی تۆمەتبارە بە موشەكبارانكردنی فڕۆكەخانەی هەولێر، هەر لەسەر ئەمەش كازمی قەدۆی لە فەرماندەیی لیواكە دوورخستەوە.
هەروەها هەر لەم پارێزگایە خالیدی كوڕی سوڵتان هاشمی وەزیری بەرگری سەردەمی سەدام حسێن كورسییەكانی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. خالید پێشتر كۆمسیۆن دووری خستەوە بەڵام دادگای تەمیز بەر لەهەڵبژاردن گێڕایەوە بۆ ناو پرۆسەكە پاش وردبینی كردنی كارنامەكەی و دڵنیابوونەوە لەوەی لە حیزبی بەعسدا پلەی نەبووە. بەسەركەوتنی خالید سوڵتان هاشم یەكەم نەوەی بەرپرسانی ڕژێمی پێشوو دەچنە ناوەندی بڕیاری حكومەتی نوێی عێراقەوە.
لەپارێزگای نەینەوا هاوپەیمانی كوردستان و یەكێتی لەڕێگای كۆتای كاكەییەكانەوە (ئەحلام كاكەیی) كورسییەكیان بردووە و ئەوەشی جێگەی سەرنجە لیستی عەلاوی و بنەماڵەی نوجێفییەكان هیچ كورسییەكیان نەبردووە لە كاتێكدا نوجێفییەكان لە هەڵبژاردنی ڕابردوو سێ كورسییان لە نەینەوا هەبووە، پێشتریش ئەسیل نوجێفی پارێزگاری نەینەواو بووە و ئوسامە لە پشكی ئەم پارێزگایە سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقی كردووە.