ناس کورد-
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهێنانی هاوپەیمانیی کوردستان بە هۆکاری شکستەکەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەزانێت و دەشڵێت، دەنگەکانی پارتی کەمی کردووە و لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە میانەی لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، وەکو حیزب لەسەر پرسی کەمبوونەوەی دەنگەکانمان دەوەستین و لێی ورد دەبینەوە، لێکۆڵێنەوە دەکەین و لیژنەیەکی باڵاش پێکهێندراوە بۆئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بکات و دەنگمان لە ئاستی پێویستدا نییە، نە لە سلێمانی، نە لە هەولێر و نە لە دهۆک".
ئاماژەی بەوەشکرد، "کێشەی تەکنیکی کاریگەریی لەسەر بەشداریکردنی کەمی دەنگدەر هەبوو، بەڵام نابێت ئەوەش لەیاد بکرێت کە مامەڵەی هاونیشتمانیانیش زۆر گۆڕاوە، چونکە جاران هاووڵاتی بە ئاسانی بەشداریی لە پرۆسەی دەنگداندا دەکرد، بەڵام ئێستا دەبێت وێنە گشتییەکە ببینێت و چیدیکە بە وێنە بچووکەکە رازی نییە."
هاوکات لەبارەی بەدەستنەهێنانی هیچ کورسییەکیش لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەکردووە، "هەڵەی یەکەم پەیوەندیی بە هاوپەیمانییەوە بوو، بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پێکهێنانی هاوپەیمانی پێویست بوو، بەڵام بۆ ناو هەرێمی کوردستان هەبوونی هاوپەیمانی پێویست نەبوو، چونکە زەحمەتە دەنگدەری گۆڕان دەنگ بە بەربژێری یەکێتی و دەنگدەری یەکێتیش دەنگ بە بەربژێری گۆڕان بدەن، هاندانەکە زەحمەتە."
ئەوەشی خستەڕوو، " هەروەها لەم سیستەمەدا دیاریکردنی کاندی گرنگە، نەوەک بۆ بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵکو بۆ هەموو لایەک."