ناس کورد-
باوکی ئەو کارمەندە سکیورتییەی چوار ڕۆژ لەمەوپێش لەلایەن کوڕی بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی لە شاری دەروازە سیتی لە سلێمانی کوژرا دەڵێت، هێشتا بکوژ لە ئاسایشی سلێمانی لەکاتێکدا دەبێت بدرێتە دەستی پۆلیس.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
باوکی هەڤاڵ محەمەد لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا (17ی تشرینی یەکەمی 2021) ڕەخنە لە دەسەڵاتداران دەگرێت لەوەى هێشتا بکوژی کوڕەکەیان لای ئاسایشە لەکاتێکدا ئەوە کاری پۆلیسە و دەبێت بچێتە لای ئەوان.
ناوبراو جەخت دەکاتەوە کە لەکاتی ناشتنی کوڕەکەیاندا تەلەفۆنیان بۆ کراوە تاوەکو سوڵحی عەشایەری بکەن و دەڵێت، "ئێمە دەمانەوێت یاسا سەروەر بێت و ڕێکاری یاسایی بگیرێتەبەر."
هاوکات برایەکی هەڤاڵ محەمەد لە کۆنگرەکەدا وتی، "ئێمە پەشیمانین بانگەشەی ئارامیمان بۆ یەکێتی کردووە، چونکە بەڕاستی ئەو ئارامییە نابینین."
داواشی کرد پۆلیس داوای دۆسیەکە و ڕادەستکردنەوەى بکوژە لە ئاسایش بکات چونکە "نازانین بۆ لەوێ ڕاگیراوە، ئاخۆ بەهۆکاری نزیکایەتی و هاوڕێیەتی لەوێیە یاخود چی، بەڵام دەمانەوێت ئەو دۆسیەیە بگوزارێتەوە بۆ پۆلیس."
درەنگانی شەوی پێنجشەممە، 14ی تشرینی یەکەمی 2021، کارمەندێکی سکیوریتی بەناوی "هەڤاڵ محەمەد" لە دەروازە سیتی لەلایەن کوڕێکی حەمەسور دووشیوانی، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکوک کوژرا.
هاوڕێیەکی کوژراوەکە کە پێکەوە پاسەوانن لەو پڕۆژەیە، بە "ناس کورد"ی وت، "کوڕێکی محەمەد دووشووانی هاتە پڕۆژەکە و لەوێ زۆر بەخێرایی شۆفێری کردووە و نمایشی بە ئۆتۆمبێلەکەی کردووە."
وتیشی، " پاسەوانەکان ئاگاداریان کردەوە کە ئێرە شوێنی نیشتەجێبوونە و بۆ ئەوە نەکراوە، بەڵام ئەو هەر بەردەوام بووە لەسەر ئەوە و بۆ جاری دووەم ئاگادارکراوەتەوە و لەوکاتەدا بووەتە دەمەقاڵێ و شوێنەکەی جێهێشتووە."
زیاتر بخوێنەرەوە: وردەکاری و زانیاریی نوێ لەسەر کوژرانی سکیورتییەکەی دەروازە سیتی
دواتر بەرپرسی مەڵبەندی دووی یەکێتی لە کەرکوک لەسەر ڕووداوی کوژرانی کارمەندە سکیورتییەکەی سلێمانی لەلایەن کوڕەکەیەوە ڕایگەیاند، کوڕەکەی لەترسدا خۆی شاردبووەوە و دۆزیویانەتەوە و ڕادەستی یاسایان کردووە.
محەمەد دووشیوانی، بەرپرسی مەڵبەندی دووی یەکێتی لە کەرکوک کە باوکی بکوژەکەیە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا (14ی تشرینی یەکەمی 2021) ڕایگەیاند، "پێش هەموو شتێک ئێمە زۆر زیاتر خەمبارین بە ڕووداوەکە و خۆزگە کوڕەکەی من بوایە بکوژرایە."
وتیشی، "دوای ڕووداوەکە کوڕەکەم لە ترسدا خۆی شاردووەتەوە و دوای گەڕانێکی زۆر دۆزیمانەوە و بە دەس و قاچ بەستراوی ویستمان ڕادەستی ماڵی کوژراوەکەی بکەین، بەڵام ئەوان ڕازی نەبوون و وتیان ڕادەستی یاسای بکەن، بۆیە ئێمەش ڕادەستی یاسامان کرد و لەئێستادا کوڕەکەم لە زیندانە."
زیاتر بخوێنەوە: محەمەد دووشیوانی هاتەدەنگ: بکوژەکە کوڕی پێشمەرگەیە