گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چاودێرێکی سیاسی: ئۆپۆزسیۆن لەم خولەدا هیچی پێناکرێت

لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی هەرێم هەریەکەیان لە ئاوازێک دەخوێنێت

2019.07.03 - 17:31
App store icon Play store icon Play store icon
لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی هەرێم هەریەکەیان لە ئاوازێک دەخوێنێت

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- شەهرام عەزیز لەگەڵ ئەوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێم لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان خاوەنی 21 کورسیین، بەڵام بەرەیەکی هاوبەشیان پێکنەهێناوە و چاودێرێکی سیاسیش پێی وایە لەم خولەدا ئۆپۆزسیۆن بەرانبەر دەسەڵات هیچی پێناکرێت. . بەراورد بە خولەکانی پێشوو، لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئۆپۆزسیۆن بەشێکی زۆری کورسییەکانی لەدەستداوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکایەتی پەرلەمان ئێستا بەتەواوی لەدەستی دەسەڵاتدایە. . فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ بە ، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی و حزبی شیوعی لەم خولەی پەرلەماندا ئۆپۆزسیۆنن، بەڵام هێشتا بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنیان پێکنەهێناوە، ئەوەش باری ئۆپۆزسیۆنی لە هەرێم ئەوەندەی تر لار کردووە. . دکتۆر کازم فاروق، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان کە حزبەکەی یەکەمجارە بەشداری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان دەکات، دەڵێت ئەوان هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی پەرلەمانەوە داوایان کردووە بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن پێکبهێنرێت. . کازم فاروق ئاماژەی بەوەکرد، هەرچەندە ئەو بەرەیە تا ئێستا پێکنەهێنراوە بەڵام فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکان لە پەرلەمانی کوردستان کاری هاوبەش ئەنجام دەدەن. . مەسعود عەبدولخالق چاودێری سیاسی بارودۆخی هەرێم، پێی وایە ئۆپۆزسیۆن لەم خولەی پەرلەمانی کوردستاندا زۆر لاوازە و توانای ئەوەی نیە ڕووبەڕووی دەسەڵات ببێتەوە. . مەسعود عەبدولخالق بە ناس کوردی راگەیاند، بەشێک لە سەرکردەکانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان ژێر بە ژێر لەگەڵ دەسەڵاتدا دەستیان تێکەڵکردووە و بەرژوەندی تایبەتیان هەیە. . هەرچەندە پەرلەمانی کوردستان ماوەی خولێکی یاسایی تەواوکرد و درێژی کردەوە، کەچی تەنیا کاری لەسەر کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم کردووە. . ئەوەش وەک ڕەخنەگرانی ئۆپۆزسیۆن باسیان کردووە، لاوازی بەرانبەرئەوبەرەیە بەرانبەر دەسەڵات پیشاندەدات کە نەیتوانیوە فشار دروستبکات بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژە یاسایانەی لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانن، پەرلەمان بیخاتە بەرنامەی کارییەوە. . ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "دۆخی ئێستای ئۆپۆزسیۆن زۆر خراپە، هەریەکە لە ئاوازێک دەخوێنێت، ئەگەر بێت و هەموو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان پێکەوە کاری هاوبەش نەکەن و بەوشێوەیە بمێننەوە، ئەوا ناتوانن ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان ببینن و بەرپرس دەبن بەرامبەر دەنگدەرەکانیان." . لەگەڵ ئەوەی ئەو سێ لایەنە، نەیانتوانیوە بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان پێکبهێنن، پەیوەندی نێوان هەرسێ حزبەکە زۆر بەهێز نیە و خودی حزبەکانیش بە دەست کێشە ناوخۆییەکانیەوە گیرۆدەن. . ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی یەکگرتوو دەڵێت "پڕۆژەی کارکردنی هاوبەشی کۆمەڵ و یەکگرتوو لە پەرلەماندا لە ڕابردوودا شکستی هێناوە و لەم خولەشدا تائێستا هیچ شتێک و دەستپێشخەرییەک نییە بۆ کارکردنی هاوبەش پێکەوە." . وتیشی، کۆمەڵ و یەکگرتوو لەئێستادا هیچ جیاوازییەکیان نییە و وەک یەکن، بەڵام هەندێک ڕقی کۆن لەنێوان ئەو دوو حزبەدا ماوە کە پێویستە لەبیربکرێت، هەروەها بەرژەوەندی تایبەتی هەندێک بەرپرس کە بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ ئەوەدا نییە فراکسیۆنەکانی ئەو دوو حزبە لە پەرلەمان یەک بگرێت. . بەڵام عەبدوستار مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ پێیوایە کەمی کورسییەکانی ئۆپۆزسیۆن ڕۆڵی لەسەر کاریگەرییان نابێت و دەڵێت: ئەگەر ئۆپۆزسیۆن زۆرینە بوایە ئەوا حکومەتیان پێکدەهێنا. . سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ وتی: "ئەگەر پێکهێنانی بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش نەبێت، ئەوان هەر دەتوانن کاری هاوبەش پێکەوە بکەن." . لەبارەی پەیوەندی نێوان یەکگرتوو و کۆمەڵ ئاماژەی بەوەکرد: "تائێستا لەگەڵ یەکگرتوو باسی کارکردنی هاوبەشیان نەکردووە و زووە بۆ ئەو پرسە." . بەڵام مەسعود عەبدولخالق چاودێری سیاسی ئاماژەی بەوەکرد، ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان، حکومەت، سەرۆکایەتی هەرێم و دادگاش ناتوانێت هیچ هەنگاوێک دژی دەسەڵات بنێت. .