گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەلعەرەبی: دووەم لیستی عێراق كە سوننەیە داوای هاوپەیمانێتی لە مالیكی كردووە

2021.10.16 - 10:15
App store icon Play store icon Play store icon
ئەلعەرەبی: دووەم لیستی عێراق كە سوننەیە داوای هاوپەیمانێتی لە مالیكی كردووە

ناس كورد-
چەند سەرچاوەیەكی سیاسی ئاشكرایان كردووە، سەرۆكی هاوپەیمانی تەقەدومی سوننە محەمەد حەلبوسی كە زیاتر لە 40 كورسی بەدەستهێناوە پیشنیازی هاوپەیمانێتی لەگەڵ مالیكی كردووە بۆ دروستكردنی گەورەترین لیست لە پەرلەمان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەرچاوەكان ئەوەیان بۆ ڕاپۆرتێكی ئەلعەرەبی چاپی لەندەنی پشتڕاستكردووەتەوە كە "ناس كورد" بینیویەتی (16ی تشرینی یەكەمی 2021)، پێشنیازەكەی حەلبوسی زیاتر بۆ تەكتیك و سەرنجڕاكێشانی سەدرە كە براوەی یەكەمی شیعەكانە (72 كورسی) بۆ ئەوەی بانگهێشتی بكات بۆ دروستكردنی حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكان.

 

سەرچاوەكان ئەوەشیان بە ڕۆژنامەكە وتووە مالیكی (38 كورسی) چەندجارێك باسی لەوەكردووە لە دانیشتنە تایبەتەكانی كە متمانەی بە حەلبوسی نییە و كەسێكی كەم ئەزموون و نوێیە و لەبری ئەوە لەگەڵ خەمیس خەنجەری ڕكابەری بووەتە هاوپەیمان كە نیوەی كورسییەكانی حەلبوسی هەیە (20 كورسی).

 

سەرچاوەیەك لە هاوپەیمانییەكەی حەلبوسی ئامادە نەبووە بە ڕەتكردنەوە یان پشتڕاستكردنەوە كۆمێنت لەبارەی ئەم زانیارییە بدات و تەنها ئەوەی وتووە "رێگرییەك نییە لەبەردەم تەقەدوم بۆ ئەوەی لەگەڵ مالیكی یان هەركەسی تر ببێتە هاوپەیمان".

 

دوێنێ موقتەد سەدری سەرۆكی ڕەوتی سەدر لە ڕێگەی وەزیرەكەیەوە ساڵح عێراقی پەیامێكی ئاڕاستەی حیزبی دەعوە كرد و دەربارەی مالیكی دەڵێت، "تاقی كرایەوە و سەركەوتوو نەبوو، تاقی كراوە جارێكی تر تاقی ناكرێتەوە."

 

لە پەیامەكەدا كە "ناس كورد" بینیویەتی (15ی تشرینی یەكەمی 2021) سەدر حیزبی دەعوە بەوە تۆمەتبار دەكات كە هاوكاری "شەیتانی گەورە"ی كردووە كە ئاماژەیە بۆ ئەمەریكا.

 

هەروەها داوایان لێ دەكات بگەرێنەوە سەر ڕێبازی دامەزرێنەری یەكەمی حیزب كە ئایەتوڵڵا محەمەد باقر سەدرە و لە بنەماڵەی سەدرە و ئامۆژگاری ئەوەیان دەكات داننان بە هەڵە چاكە و پاداشتە.

 

هەروەها سەدر ڕوو لە مالیكی دەکات و دەڵێت، "باشترە فریای ئەوە بكەوێت بەفیڕۆی دا و بە دەستگرتن بە دەسەڵاتەوە قەرەبووی نەكاتەوە".


ئەم كاردانەوەی سەدر بەدوای لێدوانێكی مالیكیدا هات ئەمڕۆ كە باس لەوە دەكات دیموكراسی سەنگی مەحەك و بنەمای پرۆسەی هەڵبژاردنی عێراقە.