ناس كورد-
فەیسەڵ فەرحان ئالسعود، وەزیری دەرەوەى سعودیە ڕایگەیاند کە وڵاتەکەى تاوتوێی داوایەکی ئێران دەکات بۆ کردنەوەى کونسوڵگەری خۆی لە شاری جدە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە نیسانی ڕابردووەوە و بە نێوەندگیری بەغدا، ڕیاز و تاران چوار گەڕی دانوستانیان ئەنجامداوە، کۆتا دانەیان لە سەردەمی ئیبراهیم ڕەیسی، سەرۆککۆماری ئێستای ئێران بوو لە نیویۆرک.
لە ساڵی 2016ەوە، ئێران و سعودیە پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیان پچڕاندووە دوای ئەوەى باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران کەوتەبەر هێرش دوای لەسێدارەدانی کەسایەتییەکی شیعە لەلایەن بەرپرسانی سعودیەوە.
فەیسەڵ فەرحان دانوستانەکان بە "دۆستانە" وەسف دەکات و پێی وایە بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیەوە بینیوە.
هاوکات بەرپرسێکی باڵای سعودیە لە ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی ئەمریکی وتووە، وڵاتەکەى تاوتوێی داوایەکی ئێران دەکات بۆ کردنەوەى کونسوڵخانە لە شاری جدە، هاوکات تاوتوێی دووبارە کردنەوەى نوسینگەی نوێنەرایەتی ڕێکخراوی هەماهەنگی ئیسلامی دەکات لە هەمان شار.
بەڵام بەرپرسە جەختی کردووەتەوە کە ڕیاز ئامادە نییە بۆ دووبارەکردنەوەى کونسوڵخانەکەى لە شاری مەشهەدی ئێرانی.