گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە یەک ڕۆژدا ڕۆحانی ڕێککەوتنی نەوتی و پیشەسازی و بازرگانی و پزیشکی لەگەڵ عیراق واژوو کرد

2019.03.12 - 09:34
لە یەک ڕۆژدا ڕۆحانی ڕێککەوتنی نەوتی و پیشەسازی و بازرگانی و پزیشکی لەگەڵ عیراق واژوو کرد

 

ناس کورد-

لە هەمان ڕۆژی سەردانی ڕوحانی بۆ عیراق 22 ڕێککەوتنی بازرگانی و پیشەسازی لە نێوان عیراق و ئێراندا واژوو کراوە، میدیا ئێرانییەکانیش بە دەستکەوتێکی گەورەی سەردانەکەی ڕوحانی دەزانن.

 

پاش گەیشتنی ڕوحانی بە عیراق لە بەیانی دووشەممەدا ئێوارەی هەمان ڕۆژ لێکتێگەیشتنێک لە نێوان هەردوو وڵاتدا لە لایەن وەزیرانی بازرگانی و پیشەسازی هەردوولاوە واژووکرا، کە 22 ڕێککەوتن لە خۆ دەگرێت، هەموو بوارە بازرگانی و پیشەسازییەکان دەگرێتەوە.

 

لە پەراوێزی واژووکردنەکەدا ڕەزا ڕەحمانی وەزیری پیشەسازی و بازرگانی ئێران ڕایگەیاند، ئێران دەخوازێت ئاستی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات بگەیەنێتە 20 ملیار دۆلاری ساڵانە، ئامادەیی وڵاتەکەشی پیشاندا بۆ هاوکاری عیراق لە بوارەکانی پیشەسازی و بەرهەمهێناندا.

 

میدیا ئێرانییەکان ئاماژەیان بە چەند ڕێککەوتنێکی دیکەی نێوان عیراق و ئێران کردووە، بە جۆرێک لێکتێگەشتن بۆ هەماهەنگی هاوبەش لە بوارە پزیشکێکاندا لە لایەک، هەروەها ڕێککەوتنێکیش لە نێوان وەزارەتی نەوتی هەردوو وڵات لە لایەکی ترەوە، واژووکراوە.

 

یەکێک لەو ڕێککەوتنانەی نێوان عیراق و ئێران هەڵگرتن و نەمانی ڤیزای هاتووچۆی نێوانیان بوو، بەڵام ئاژانسی هەواڵی ئێرنای ئێرانی بڵاوی کردۆتەوە عیراق ڕازی نەبووە بە هەڵگرتنی ڤیزا، تەنها لە گەڵ ئەوەدا بوە بمێنێتەوە بەڵام بێ بەرامبەر بێت.