ناس کورد-
ئەنسام مانوئێل ئەسکەندەر، کاندیدی مەسیحییەکان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا توانی دەنگی پێویست بهێنێت بۆ دەرچوون وەک کۆتایی پێکهاتەی مەسیحی، بەڵام ناوبراو دوو مانگ لەمەوپێش کۆچی دوایی کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
پەیجی فەرمی ناوبراو ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ی تشرینی یەکەمی 2021، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "خوالێخۆشبوو کاندیدی سەربەخۆ بوو بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، بەداخەوە توشی کۆرۆنا بوو، دوای 35 ڕۆژ لە نەخۆشخانە، کۆچی دوایی کرد."
بەپێی دواین داتاکانی کۆمسیۆن کە شەوی ڕابردوو بڵاویکردەوە، ئەنسام مانوئێل ئەسکەندەر دوو هەزار و 860 دەنگی هێناوە و ناوبراو کورسییەکی کۆتای پێکهاتەی مەسیحی بەدەستهێناوە.
پەیجی فەرمی ناوبراو جەخت دەکاتەوە کە لەماوەی بانگەشەدا هیچ پۆستەر و وێنە و ڕیکڵامێکی بۆ بڵاونەکراوەتەوە بەڵام دوو هۆکار باس دەکات بۆ ئەو دەنگانەی بەدەستی هێناوە.
هۆکاری یەکەم، بەپێی ڕوونکردنەوەى پەیجەکەی، بەشێک لە دەنگدەران وەک ڕێزێک بۆ "سەربەخۆیی و پیشەیی و پێشینەی کاری ناوبراو دەنگیان پێداوە، هۆکاری دووەمیش ئەوەیە کە "لەوانەیە بەشێک لە دەنگدەران نەیانزانی بێت ناوبراو کۆچی دوایی کردبێت.