ناس کورد
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، لە پارێزگای نەینەوا سێ کەسیان بە تۆمەتی کاری سحر و جادوو دەستگیرکردووە کە لەکاتی هەڵکوتانەسەریان یەکێکیان سەرقاڵی دەستدرێژیکردنەسەر ژنێک بووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق (سێشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2021) ڕایگەیاند، "لە پارێزگای نەینەوا سێ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە کاری سحر و جادوویان کردووە و دەستدرێژی سێکسیشییان کردووەتەسەر ژنان."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "یەکێک لە تۆمەتبارەکان ژنە و لەکاتی هەڵکوتانەسەر ئەو شوێنەی کە کاریان لێکردووە دەست بەسەر ئەو کەلوپەلانەشدا گیراوە کە ئەو کارەیان پێکردووە."
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، "لەکاتی هەڵکوتانەسەر شوێنەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گوێیان لە دەنگی ژنێک بووە کە لەوکاتەدا لەلایەن یەکێک لە تۆمەتبارانەوە دەستدرێژی دەکرایەسەر."
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "ڕێکاری یاسایی دژی تۆمەتباران گیراوەتەبەر و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە."