ناس کورد-
خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان ڕایگەیاند، ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەریخست، کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەنگی پێویستیان نەھێناوە و سەرنەکەوتوون، دەشڵێت، "داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەین و دان بەوەدا دەنێین کە ھەڵە و کەموکوڕی لە ئێمە هەبووە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دەقى راگەیەنراوى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان:
ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان..
گۆڕانخوازان ..
ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەری خست؛ کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەنگی پێویستیان نەھێناوە و سەرنەکەوتون.
لێرەوە، دوای سوپاس و پێزانینمان بۆ بانگەشەکاران و ھەڵسوڕاوانی دڵسۆز، داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەین و، دان بەوەدا دەنێین کە ھەڵە و کەموکوڕی لە ئێمە بوە کە سەرەڕای هەلومەرجە بابەتیەکان بۆیە متمانەی خەڵکمان بەدەستنەھێناوە.
بە راشکاوی دەڵێین کە پێویستمان بە گۆڕانکاری و بەخۆداچونەوەی ریشەیی بزوتنەوەکە و سیاسەتەکانی ھەیە، چونکە دەنگدەرانمان ھەڵوێستیان وەرگرتوە و زۆرینەیان بایکۆتی ھەڵبژاردنیان کردوە، وەکچۆن زۆرینەی ھاوڵاتیان ھەمان شتیان کردوە.
ئەم واقعە تاڵەش، پێویستی بە بڕیار و ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتیە، ئێمە ئامادەین ئەو بەرپرسیارێتیە لەئەستۆ بگرین و، لە نزیکترین کاتدا گۆڕانکاری ریشەیی بکەین.
خانەی راپەراندن
١١ی١٠ی٢٠٢١