ناس کورد-
قوباد تاڵەبانی، سەرۆکى هاوپەیمانێتی کوردستانی یەکێتی و گۆڕان ڕایگەیاند، داکۆکی لە وەرگرتنەوەى پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەکەنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
قوباد تاڵەبانی لە قوتابخانەی ڕەوشەن بەدرخانی شاری سلێمانی دەنگی دا و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا (10ی تشرینی یەکەمی 2021) وتی، "ئەمڕۆ ڕۆژێکی پیرۆزە، بۆیە هیوادارم هەموو کەسێک دەنگ بدات بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، چونکە بەشێکی زۆری کێشەکانی هەرێمی کوردستان لەبەغدا چارەسەر دەبن."
جەختی کردەوە کە "دوای هەڵبژاردن هەندێ بابەتی پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستانەوە هەن کە دەبێت لایەنەکان یەکگرتوو بن لەسەریان، کە پێویستییان بە یەک هەڵوێستی و کۆدەنگییە.
سەبارەت بە پۆستی سەرۆکایەتی کۆماریش، قوباد تاڵەبانی جەخت دەکاتەوە کە یەکێتیی هەوڵ بۆ بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆککۆماریی عێراق دەدات.
قوباد تاڵەبانی لەبارەی یەکگرتوویی لایەنە کوردییەکان لە دوای هەڵبژاردن دەڵێ: "هەر بۆچوونێک کە پەیوەندیی بە ئارامییەوە هەبێت ئێمە ئامادەین کە تاوتوێی بکەین و گفتوگۆی لەسەر بکەین.
سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستان، داوای لە خەڵکی ناوچە کێشە لەسەرەکان کرد کە بچن دەنگ بدەن و کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە بە دەنگی خۆیان بسەلمێنن و وتیشی، "بەشێکی گرنگی کێشەکانی کورد لە بەغدان، بۆیە پێویستە لە بەغداد کورد نوێنەرایەتییەکی بەهێزی هەبێت، بە گشتی دڵخۆش بووم بە پرۆسەکە، بەڵام ناتوانم پێشبینی ئەنجامەکان بکەم".