ناس کورد-
مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق فەرمانیکرد ڕێگەنەدرێت بە فشارکردن لەهێزە ئەمنییەکان و ئەوانەى مافى بەشداریکردنیان هەیە لە دەنگدانى تایبەت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی ئاژانسى فەرمى عێراق، کازمى ئەمڕۆ فەرمانیکردووە رێگەنەدرێت بەهیچ جۆرە فشارێک لەهێزە ئەمنى و سەربازییەکان لەپڕۆسەى دەنگدانى تایبەتدا.
بنکەکانى دەنگدان کاتژمێر حەوتى سەرلەبەیانى ئەمڕۆ بەرووى دەنگدەرانى تایبەتدا کرانەوە لەسەرتاسەرى عێراق، پێش دوو رۆژ لە دەنگدانى گشتى.
لە سەرتاسەرى عێراق یەک ملیۆن و ٧٥ هەزار و ٧٢٧ کەس بەشداری پرۆسەی دەنگدانی تایبەت دەکەن کە کارتى بایۆمەترى دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە، ١٢٠ هەزار و ١٢٦ ئاوارەش ئەمڕۆ مافی دەنگدانیان هەیە، لە گرتووخانەکانیش ٦٧١ کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا لە سەرانسەری عێراق ٥٩٥ بنکەی دەنگدان کراوەتەوە و ١٢١ بنکەیان لە هەرێمی کوردستانە، ٥٢ بنکەیان لە هەولێر، ٤١ بنکە لە سلێمانی و ٢٨ بنکەش لە دهۆک.