ناس کورد-
ئەنجومەنى زانکۆى سلێمانى بڕیاریدا وەرگرتنى ڤاکسین بکاتە مەرجى پێدانى بەشى ناوخۆیی بە خوێندکاران.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەنجومەنەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیەنراوێکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە رایگەیاند، بریاریداوە بە کردنەوەی بەشەناوخۆییەکان لەڕێکەوتی (١٦-١٠-٢٠٢١)ەوە بەڕووی خوێندکاراندا بەو مەرجە دەبێت کە خوێندکار ڤاکسینی کۆرۆنای وەرگرتبێت بەڕەچاوکردنی ڕێکارە تەندروستییەکان وھەڵگری (کارتی کوتانی کۆڤید-١٩) بێت.
دەقى راگەیەنراوەکە:
ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی (٦-١٠-٢٠٢١) ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا و بەلەبەرچاوگرتنی سەرجەم بارودۆخەکان؛ ئەنجومەن بەکۆی دەنگ بڕیاریدا بە دەست پێکردنی پڕۆسەی خوێندنی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢١-٢٠٢٢) بەشێوەی خوێندنی ناو کەمپەس لە ڕێکەوتی (١٦-١٠-٢٠٢١) ەوە بەپێی خشتەی وانەکان لە کۆلێجەکانیان، ھەر بەو بۆنەیەوە ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی پیرۆزبایی لە سەرجەم خوێندکاران ومامۆستایان وفەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی دەکات وھیوای سەرکەوتن ولەشساغی بۆ ھەمووان دەخوازێت.
ھاوکات لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا و لەپێناو کەمکردنەوەی ئەگەری توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو ھەزاران خوێندکاری نیشتەجێبووی بەشەناوخۆییەکاندا وبەردەوامی پرۆسەی خوێندن بەسەرکەوتوویی لەناو کەمپەسدا وڕێگریکردن لەھەر ئەگەرێکی نەخوازراو وەک قۆناغی یەکەم بریاردرا بە: کردنەوەی بەشەناوخۆییەکان لەڕێکەوتی (١٦-١٠-٢٠٢١)ەوە بەڕووی خوێندکاراندا بەو مەرجە دەبێت ؛کە خوێندکار ڤاکسینی کۆرۆنای وەرگرتبێت بەڕەچاوکردنی ڕێکارە تەندروستییەکان وھەڵگری (کارتی کوتانی کۆڤید-١٩) بێت، ھەر بۆ ئەو مەبەستە وەک ئاسانکارییەک لە ڕێکەوتی (١٢-١٠-٢٠٢١)ەوە ئەو خوێندکارانەی بەشەناوخۆییەکان کە تا ئێستا ھیچ ژەمێکی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە دەتوانن بەپێی ئەو خشتەیەی لەلایەن بەرێوەبەرایەتی بەشەناوخۆییەکانەوە گشتاندنی پێدەکرێت سەردانی مەڵبەندی تەندروستی زانکۆ لە کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی بکەن ؛ یان سەردانی ھەر سەنتەرێکی تری تایبەت بەپێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا بکەن. شایەنی ئاماژەپێدانە لە ھەفتەی پێشووە ڕۆژانە ژمارەیەک مامۆستا وفەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی سەردانی مەڵبەندی تەندروستی زانکۆ دەکەن بەمەبەستی وەرگرتنی ڤاکسین ولەقۆناغەکانی داھاتوشدا بەزوویی کار بۆ پێدانی ڤاکسینی کۆڤید-١٩ بە تەواوی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی دەکرێت .
ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی