ناس كورد-
ميديای نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕایگەیاند، دوای 19 ڕۆژ هێشتا بکوژان شوکری سەرحەد دەستگیرنەکراون و "ئەو بەڵگانەش کە بڕیار بوو بۆ ڕای گشتی بخرێنەڕوو هێشتا بڵاونەکراونەتەوە"، ئەوە لەکاتێکدایە دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی ڕۆژێک دوای ڕووداوەکە ڕایانگەیاند کە بکەری سەرەکییان دەستگیرکردووە و هەموو بەڵگەکان بڵاودەکەنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ماڵپەڕی ڕۆژنیوزی نزیک لە پەکەکە لە ڕاپۆرتێکدا (6ی تشرینی یەکەمی 2021) دەڵێت، "دەزگا ئەمنییەكان تائێستا ئەو بەڵێنەیان بەجێنەگەیاندووە كە وتیان بەڵگەی ڤیدیۆی دانپێدانانی بكوژی شەهید شوكری بڵاودەكەينەوە."
ڕۆژی 16ی ئەیلولی 2021، هاوڵاتییەکی خەڵکی باکووری کوردستان بەناوی فەرهاد بارش تەقەی لێکرا و بریندار بوو، بۆ ڕۆژی دواتریش یاسین بولوت ناسراو بە شوکری سەرحەد ئەندامی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی لەلایەن چەند چەکدارێکەوە کرایە ئامانج و چوار فیشەکی لێدرا و گیانی لەدەستدا.
بۆ ڕۆژی 18ی ئەیلولی، ژووری ئۆپەراسیۆنێكی ھاوبەش لە پارێزگای سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاند، هێرشەکانی ڕۆژانی 16 و 17ی ئەیلول لەلایەن یەک کەسەوە ئەنجام دراون و وێنەی ئەو کەسێکیشیان بڵاوکردەوە و وتیان ئەو کەسە دەستگیرکراوە، بەڵام هەر ئەوکاتە میدیای پەکەکە بەشێک لە زانیارییەکانی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند، "هێرشەکە تەنیا بەدەستی یەک کەس ئەنجام نەدراوە، چوار کەس بەشداربوون لە جێبەجێکردنی پیلانەکەدا لە شوێنی ڕووداوەکە و هێشتا تۆمەتباری سەرەکی دەستگیرنەکراوە."
هەر ئەو کاتە ئەژی ئەمین، بەرپرسی دەزگای زانیاریی و پاراستن\زانیاری ڕایگەیاند، "تاوانبارى تاوانەکانى ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو دەستگیرکرا و بەزووترین کات بەڵگە و دانپێدانان دەخەینە بەردەم ڕای گشتی" بەڵام تائێستا هیچ شتێک بڵاونەکراوەتەوە.