ناس کورد-
سەرۆكی لیژنەی ئەمنی باڵای هەڵبژاردن عەبدولئەمیر شەممەری ئاشكرای كرد هێزە چەكدارەكانی عێراق چوونەتە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشی بۆ دابینكردنی ئاسایشی هەڵبژاردن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شەممەری لە لێدوانێكدا كە "ناس كورد" بینیویەتی (4ی تشرینی یەكەمی 2021) ڕوونیكردەوە 250 هەزار سەرباز و ئەمنی بڵاوەیان پێكراوە بۆ دابینكردنی ئاسایشی هەڵبژاردن و بەر لە دەنگدانیش سنورەكان دادەخرێن بەڵام قەدەغەی هاتوچۆ ڕاناگەیەنرێت رۆژی دەنگدان.
هەڵبژاردنی پێشوەختە
بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە 10 تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (10) ی 2021 بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت. ئەم هەڵبژاردنە بەگوێرەی یاسای ژمارە 9 ی ساڵی 2020 ئەنجام دەدرێت كە 18 پارێزگای عێراقی دابەشكردووە بۆ 83 بازنەی هەڵبژاردن كە هاوتای ژمارەی كۆتای ژنانە، مەرجیشە لەهەموو بازنەیەكدا كاندیدێكی ژن سەربكەوێت.
ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە 25 ملیۆن كەسن، كاندیدەكان جگە لە حیزب و هاوپەیمانێتییەكان، ڕێژەیەكی بەرچاویان بەشێوەی سەربەخۆ و لیستی تاك خۆیان پاڵاوتووە، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانیش 329 كورسییە كە 320 یان بۆ كێبەركێیە، 9 كورسیشییان بۆ كۆتای پێكهاتەكانە كە 5 كورسی بۆ مەسیحییەكانە و 1 كورسی بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی شەبەك، سابیئە، ئێزدی و كوردانی فەیلییە لە كوت.
ئاماری لیست و كاندیدەكان
ژمارەی هێزە بەشدارەكان: 44 هاوپەیمانێتی و 267 حیزب
ژمارەی گشتی كاندیدان: 3 هەزار و 523 كەس
سەربەخۆكان 887 كاندید
حیزبەكان 1002
هاوپەیمانێتی: 2560 كاندید
لەڕووی جێندەرییەوە 2 هەزار و 560 كاندید لەڕەگەزی نێرن و 963 یان لەڕەگەزی مێ.
لەپاش پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی، 4 هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامدراوە كە لەساڵەكانی 2005 و 2010 و 20214 و 2018 بوون، پێشتر سیستمەكانی هەڵبژاردن، "نوێنەرایەتی رێژەیی بوون" بەپێی سیستمی سانت لیگۆی هەمواركراو لە 18 بازنەی عێراق كە هاوتای ژمارەی پارێزگاكان بوون، بەڵام بۆ 2021 بووە بە "زۆرینەی یەك دەنگی نەگوێزراوە" لە 83 بازنەی هەڵبژاردن.