ناس کورد-
لەشاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کچێک بەهۆی ئەوەی لەگەڵ کوڕە خۆشەویستەکەیدا چووەتە دەرەوە، لەلایەن باوکییەوە سوتێنرا و گیانی لەدەستدا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو (دووشەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2021) بڵاویکردەوە، "شەوی شەممە 2ی تشرینی یەکەم، کچێکی تەمەن 22 ساڵ لە نەخۆشخانەی کەوسەر لەشاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆت سوتاوییەوە گیانی لەدەستدا کە 85%ی جەستەی سووتابوو."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "کچەکە ناوی فایزە مەلەکی-یە و خەڵکی گوندی کوڕکوڕەی سەر بە شاری سنەیە، دوای ئەوەی لەگەڵ کوڕە خۆشەویستەکەیدا چووەتە دەرەوە، کە گەڕاوەتەوە باوکی زانیویەتی و بەنزینی پێدا کردووە و ئاگری لە جەستەی بەرداوە."
ئەگەرچی لەئێستادا کەسوکارەکەی دەیانەوێت وای نیشان بدەن کە خۆی سوتاندووە، بەڵام بەوتەی یەکێک لە کارمەندانی نەخۆشخانەی کەوسەر، فایزە وتویەتی، "باوکم ئاگری تێبەرداوم."
هەنگاو دەڵێت، دوێنێ یەکشەممە لە گۆڕستانی گوندی کورکورە، تەرمی فایزە بەخاکسپێردراوە و پزیشکێکیش کە وێنەی کچەکەی لە ئینستگرامی خۆی بڵاوکردەوە و ڕووداوەکەی ئاشکراکرد، پۆستەکەی سڕیوەتەوە.