ناس کورد-
عەبدوللـەتیف سەلەفی، یەكێك لە ڕابەرانی سەلەفییەكانی هەرێمی کوردستان سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، کۆمەڵێک پێشنیازی بۆ بەرژەوەندی گشتیی و خزمەتکردنی ئایین و کۆمەڵگە خستەڕوو.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ شەممە 2ی تشرینی یەکەمی 2021، عەبدوللـەتیف سەلەفی، ڕابەری سەلەفییەكان لە هەرێمی کوردستان سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و پێکەوە کۆبوونەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵی زانایانی ئایینی کوردستان کرد لە بەرگریکردن لە پرسە نیشتمانییەکان و ڕەتکردنەوەی هزری توندڕەوی و برەودان بە کولتووری بەیەکەوەژیان و تەبایی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان .
ئەوەش هاتووە، سەرۆکی حکومەت، دووپاتی کردەوە کە پێویستە زانایانی ئایینی، ڕۆڵی ئەرێنی خۆیان، لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەی پەیامی ئاشتیخوازی و لێبوردەیی و داکۆکیکردن لە دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان و پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بگێڕن.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، لە دیدارەکەدا د.عەبدوللـەتیف ئەحمەد، کۆمەڵێک پێشنیاری بە سوودی بۆ بەرژەوەندی گشتیی و خزمەتکردنی ئایین و کۆمەڵگە خستەڕوو.
هاوکات بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی عەبدوللـەتیف سەلەفی، ناوبراو لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندووە، "الحمدلله ئەمڕۆ سەردانی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی کوردستانمان کرد و لەگەڵ بەڕێزیان کۆمەڵێ باسی گرنگمان باس کرد."
- ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا داوام لێیان کرد:
- پێویستە زیاتر گرنگی بدرێت بە پاراستنی ئاین و ڕەوشتى خەڵک سەرەڕاى پاراستنی خوێن و ماڵیشیان.
- پێویستە لە زاخۆوە تاوەکو خانقين بەیەک چاو سەیر بکەیت و دادپەروەربیت لەنێوانیان.
- پێویستە کارێک بکەن بۆ ئەوەى جیلى تازەى میللەتمان بەرەو بێ دینى و نەفامى نەڕوات و بەڕیزیان زۆر بە سنگ فراوانییەوە تێبینی و سەرنج و پێشنیارەکانیان قەبوڵ کردین.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، " سەردانەکەم پەیوەندی بە دەنگدان و سیاسەتەوە نەبوو، وە بە هیچ شێوەیەک بەلایدا نەچووین."