ناس کورد-
خەمی کۆچی دوایی سیروان دوو غەم بوو، غەمێک بۆ مردنی پیاوێکی گەنج بەهۆی کۆرۆنا، هەروەها غەمێک بۆ مردنی پیاوێک کە 15 ساڵ چاوەڕێی منداڵ بوو، کاتێک خەونەکەی هاتەدی نەیتوانی چێژیان لێ ببینێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سیروان عەلی ئەحمەدی 41 ساڵ یەکێک بوو لە سەرتاشە دێرینەکانی گەڕەکی ئەڵماس لە کەرکوک، زیاتر لە 15 ساڵە هاوسەرگیری کردووە بەڵام منداڵیان نەبوو، سیروان و خێزانەکەى سامانێکی بێشوماریان لەو پێناوەدا خەرج کرد کە ببنە خاوەنی منداڵ و چێژی دایکایەتی و باوکایەتی بکەن.
بە قسەى نزیکەکانی سیروان، پاش ئەوەی بۆ چارەسەر سەردانی ئێران و تورکیایان کرد، "دوو مانگ لەمەوپێش خوا دوو کوڕی پێدان، منداڵەکان بە حەوت مانگی لەدایک بوون."
بەڵام توشبوون سیروان بە کۆرۆنا ڕێگەی نەدا چێژ لەو منداڵانە وەربگرێت کە سیروان 15 ساڵە چاوەڕێی دەکردن، دوێنێ هەینی، 2ی تشرینی یەکەمی 2021، دوای چەند ڕۆژێک ململانێ لەگەڵ پەتای کۆرۆنا، سیروان کۆچی دوایی کرد و ئەمجارەیان غەم و پەژارەی زیاتری خستەوە دڵی خێزان و خزم و کەسوکارەکەى.
ئیمداد والی کە ژنبرای سیروانە بە "ناس کورد"ی وت، "قەدری خوا وابوو کە سیروان بەچاوی خۆی ئاواتی 15ساڵەی ببینێت، هەر بۆیە مناڵەکانی بە حەوت مانگی لەدایک بوون، ئەگەر بە نۆ مانگی لەدایک بوونایە دوورنەبوو ئاواتەکەی لەگۆڕبنایە".
ئەو دەشڵێت، سیروان نزیکەی 10 دەفتەر دۆلاری سەرف کردووە تا خوا ئەو دوومناڵەی پێ بەخشیوە.