گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بڕیارە لە 48 کاتژمێری داهاتودا چارەنوسی پارێزگاری کەرکوک یەکلابکرێتەوە

2019.07.01 - 20:34
App store icon Play store icon Play store icon
بڕیارە لە 48 کاتژمێری داهاتودا چارەنوسی پارێزگاری کەرکوک یەکلابکرێتەوە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- بڕیارە لەماوەی 48 کاتژمێری داهاتودا، پارتی و یەکێتى پرسی پارێزگاری کەرکوک یەکلابکەنەوە کە هێشتا لەسەر ناوى کاندیدى سەرەکى بۆ گرتنەدەستى ئەو پۆستە، نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. . بەگوێرەى ئەو بەدواداچوونەی ناس کورد لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستیکەوتووە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتى و یەکێتیدا لە سلێمانی، هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر میکانیزمی دانانی پارێزگارێکی سەربەخۆ بۆ کەرکووک، بەڵام هێشتا لەسەر ناوی کاندیدەکە ڕێک نەکەوتوون. . ناس کورد ئەوەشی زانیوە، سبەینێ (سێشەممە، 2ى تەموزى 2019) جارێکیتر پارتى و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا بۆ دیاریکردنی کاندیدێکی کورد بۆ ئەو پۆستە کۆدەبنەوە و ئێوارەی ئەمڕۆش بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی دەگەڕێتەوە سلێمانی لەگەڵ بەرپرسان و سەرکردایەتی حزبەکەی کۆدەبێتەوە. . سەرچاوەکان ئەوەیان بۆ ناس کورد پشتڕاستکردووەتەوە، یەکێتی و پارتی ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی کاندیدەکە سەربەخۆ بێت و لە 48 کاتژمێری داهاتووشدا بەفەرمی لەلایەن لیستی برایەتییەوە ڕادەگەیەنرێت و لەو ماوەیەشدا پێوسستە عەرەب و تورکمان ڕەزامەندی نیشان بدەن لەسەر ناوی کاندیدەکە. . دوای ئەوەی ئەمڕۆ شاندێكی پارتی و یەكێتی لە سلێمانی كۆبوونەوە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو کە تیایدا دڵشاد شەھاب، ئەندامی شاندی پارتی وتی، تێگەیشتنی باش ھەیە بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی كەركوك و كەسێكی خەڵكی كەركوك وەك پارێزگاری كەركوك دەستنیشان دەكرێت كە پارێزگاری ھەموو لایەن و پێكھاتەكانی كەركوك بێت. . وتیشی، ھاوتەریب لەگەڵ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكومەتی ھەرێم، پۆستی پارێزگاری كەركوكیش یەكلایی دەكرێتەوە. . هەر ئەمڕۆ (دووشەممە، 1ى تەموزى 2019) ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە ناس کوردى ڕاگەیاند، لەلایەن دادگای کەرکوکەوە ئەستۆپاکی وەرگرتووە و لەگەڵ ئاسایکردنەوەی رەوشی کەرکوکیشدا دەگەڕێتەوە شارەکە. . لەبارەی دەنگۆی ئەوەی کە ڕێبوار تاڵەبانی کاندیدی پارتی و یەکێتییە بۆ پارێزگاری شارەکە، تاڵەبانی ئەوەی ڕەتکردەوەو وتی، وەک سەرۆکی ئەنجومەن دەگەڕێتەوە بۆ شارەکە، بەڵام ئەوکاتەی کە ئەو دۆخەی ئێستا لە کەرکوک هەیە، ئاسایی بکرێتەوە. . ماوەی نۆ مانگە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم لەسەر پرسی پارێزگاری کەرکوک دواکەوتووە، یەکێتی ئەو پۆستە بەپشکی خۆی دەزانێ و پارتیش دەیەوێت پارێزگار لەم کاتەدا بێلایەن بێت. .