ناس کورد-
لە قوتابخانەی ئاکۆی بنەڕەتی لە ڕانیە، شەش مامۆستا و چەند خوێندکارێک توشی پەتای کۆرۆنا بوون، پەروەردەی شارەکەش دەڵێت دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵکدایە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
یوسف ناودەشتی، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی پەروەردەی ڕانیە لە لێدوانێکیدا (2ی تشرینی یەکەمی 2021) دەڵێت، ئەو شەش مامۆستایە نێردراونەتەوە بۆ ماڵەوە، هەندێکیان لە ژێر ئۆکسجیندان، بەهۆی ئەو دۆخەشەوە پۆلی یەک و دوو لە قوتابخانەکە نێردراونەتەوە بۆ ماڵەوە.
یوسف ناودەشتی جەختیکردەوە کە "دۆخی پەتاکە لەناو قوتابخانەکەدا مەترسیدار نییە وەک ئەوەى باس دەکرێت" و دەڵێت، "بە بەردەوامی چاودێری دەکەن و هەموو شتێک لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە."
ڕۆژی 30ی ئەیلولی 2021، مامۆستا ڕەهێڵ جەمال ڕەشید، مامۆستای قوتابخانەی ئاکۆ لە ڕانیە لە فەیسبووکی خۆی نوسیبووی نۆ مامۆستای قوتابخانەکەیان توشی کۆرۆنا بوون و چەندین مامۆستا و خوێندکاری دیکەش نیشانەی توشبون بە پەتاکەیان هەیە، "بەڵام تائێستاش پرۆسەی خوێندن بەردەوامی هەیە".
ئەو داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردبوو "هاوکاری پێویستی تەندروستی پێشکەش بکەن چونکە قوتابخانەی ئاکۆ زیاتر لە 800 خوێندکاری هەیە و کەمترین پێداویستی بۆ دابیننەکراوە."