ناس کورد-
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، سەبارەت بە شەڕەکەی هەریر کە بەهۆیەوە سێ کەس کوژران سەرۆکی حکومەت هاتووەتە سەر خەت و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە بڵاوەیان پێکراوە و دۆخەکە کۆنتڕۆڵ کراوە، هاوکات کوژرانی ژنێکی دووگیان لە شەڕەکەدا ڕەتدەکرێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
درەنگانی شەوی ڕابردوو ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر گەیشتە ناحیەی هەریر و لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند، "بەداخەوە ئەو شەڕەی ڕوویدا لەسەر کێشەی زەوی و زار بووە و بەهۆیەوە سێ کەس لە بنەماڵەیەک کوژران و سێ پۆلیسیش برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە."
وتیشی، "لەئێستادا دۆخەکە کۆنتڕۆڵ کراوە و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە لە ناحیەکە بڵاوبوونەتەوە و دۆخی ئەمنیی ناحییەکە لەژێر کۆنتڕۆڵ دایە، چونکە لە حاڵەتێکی وادا ناتوانی بە ڕێکارەکانی دادگا کار بکەیت و ناچاری هێزەکان جوڵە پێبکەی بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی دۆخەکە."
ئومێد خۆشناو باسی لەوەشکرد، "سێ کەس لە بنەماڵەی بکوژەکان دەستگیرکراون، هێشتا دیارنییە ئەمان بکوژی سەرەکین یاخود نا، بەڵام دەستگیرکراون، هەروەها ژن و منداڵەکانیان لە ناحییەکە بردراونەتە دەرەوە."، ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر وا بڵاوکرایەوە کە ژنێکی دووگیانیش لە شەڕەکەدا کوژراوە.
جەختیشیکردەوە، "هەریەک لە سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆ هاتوونەتە سەر خەت و دڵنیایی بە خەڵکی هەریر و هەموو هەولێر دەدەین دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵ دایە."