کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ شاى سعودیە لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا، باسیان لە هەماهەنگى هەردوو وڵات کردووە بۆ جێگیرکردنى نرخى نەوت لە بازاڕدا. . نوسینگەى ڕۆژنامەوانى سەرۆکوەزیرانى عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا، عادل عەبدولمەهدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و مەلیک سەلمان بن عەبدولعەزیز، شاى سعودیە، باسیان لە گرنگى پاراستنى ئاسایشى هەردوو وڵات کردووە، لەگەڵ هەماهەنگى عێراق و سعودیە لەبارەى جێگیرکردنى نرخى نەوت لە بازاڕەکانى جیهاندا. . لە بەشێکى دیکەى وتەکانیاندا، باسیان لە گەشەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات کردووە، بەتایبەت هەماهەنگى لە کۆنگرەى نەوتى ئۆپیک کە لە ڤییەنا کارەکانى بەردەوامیان هەیە. . بەگوێرەى ڕاگەیەندراوەکە، عەبدولمەهدى و شاى سعودیە جەختیان لە پابەندبوون بە ڕێککەوتنى نێوان هەردوو وڵات کردووەتەوە، بەتایبەت ئەو پرسانەى لەکاتى سەردانەکەى ڕابردووى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ سعودیە لەسەرى ڕێککەوتوون، هەروەها پاراستنى ئاسایشى هەردوو وڵات و ناوچەکە و ڕێگرى لە دروستبوونى شەڕ و ئاژاوە تەوەرێکى دیکەى پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بووە. . .