ناس کورد-
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ڕایگەیاند، ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا نامەیەکی دەستنوسی ناردووە بۆ بەرهەم ساڵح و تێیدا سوپاسی ئەو "پێشوازییە گەرمە" دەکات کە لە بەغدا لێی کراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ی ئەیلولی 2021، بەرھەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازی کرد لە ئێریک شۆڤالییە، باڵیۆزی فەڕەنسای لە عێراق.
بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، "لە سەرەتای دیدارەکەدا باڵیۆزی فەرەنسا نامەیەکی دەستنووسی ئیمانۆێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای گەیاندە سەرۆک بەرهەم کە تێدا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی سەرۆک کۆمار کردووە لە بارەی ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لێکراوە لە سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ ژمارەیەک لە شارەکانی عێراق، ھەروەھا ھەوڵەکانی عێراقی بەرزنرخاندووە لە پێناو پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ھەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی ئارامی و ئاشتی و کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە، ھاوکات جەختیکردەوە لە پشتیوانی بەردەوامی فەرەنسا وەک ھاوبەشێکی گرنگی عێراق لە رێگای ھەماھەنگی ھاوبەشی ئابووری و سیاسی."
دەشڵێت، لە دیدارەکەدا بەرهەم ساڵح "لە رێگای باڵیۆزی فەرەنسا سڵاوی خۆی گەیاندە سەرۆک ماکرۆن و جەختیکردووە کە عێراق کار دەکات بۆ پتەوکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و رێگاکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان رووەو هەماهەنگی هاوبەش بە ئاڕاستەی بەرژەوەندیی هاوبەشی ھەردوو گەل و کارکردن بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا."
ڕاگەیەنراوەکە باسی لەوەشکردووە کە بەرهەم ساڵح "دووپاتیکردەوە کە سیاسەتی هاوسەنگی عێراق لەسەر بنەمای پشتگیری لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری گێڕانەوەی رۆڵی گرنگی عێراقە لە ناوچەکەدا، ھاوکات ئەوەشی خستەڕوو کە عێراق چاوی لە ھەماھەنگییە لە پرسی ریشەکێشکردنی تیرۆر و ھاریکاری ئابووری و بارزگانی و بەرنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوھەوا و پاراستنی ژینگە و چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی."