ناس کورد-
ئاکپارتی فەرمانڕەوای توركیا، لە بارەی کڕینی سیستمی بەرگری ئێس-400وە ڕەخنە لە وڵاتانی ڕوژئاوا دەگرێت بە پەیڕەوکردنی "سیاسەتی دووفاقی" لەگەڵ وڵاتەكەی ناوزەندیان دەکات.
وتەبێژی ئاکپارتی لە میانەی کۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا وای وت.
عومەر چەلیک ڕایگەیاند: "ئەو پێداگریەی ڕۆژئاوا و بە تایبەت ئەمریكا دەیكات لە پرسی كڕینی سیستمی بەرگری ئێس-400 لە ڕووسیا، پێوەرەكانی دووفاقیە، بەوپێیەی گرفتیان لەگەڵ ئەوەدا نیا وڵاتێكی وەك یۆنان هەمان سیستمی بەرگرییان لە خاكەکەیان جێگیركردووە، لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ناتۆشدان".
وتەبێژەکەی ئاکپارتی دەشڵێت: "ئەو دەستپێشخەریەی ڕووسیا بۆ فرۆشتنی سیستەمەكە بە تورکیا، بە قازانج دەشکێتەوە بۆ توركیا، هەروەها پەیوەندی بەو پێداگریانەوە هەیە كە توركیا بەنیازە لە سوریا ئەنجامی بدات" .
پێشتریش ئەردۆگان سەرۆکكۆماری توركیا ڕیگەیاندبوو، كڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس-400، "هیج پەیوەندی بە ئاسایشی ئەمریكا وهاوپەیمانی ناتۆوە نیە و گرێبەستێکە پاشگەزبوونەوەی نیە".
وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش هەڕەشەی لە تورکیا کرد بەوەی ئەو سیستمە ڕووسیە بکڕێت، زیان بە پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوانیان دەگەیەنێت.