کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد - عهمار میرداڤی ڕۆژی دووشەممە، 29ی حوزەیرانی 2019، وەزارەتى کارەبا ڕونکردنەوەیەکى لەسەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ پارێزگاکانى هەرێم بڵاوکردەوە کە بە تێکڕا 19.46 کاتژمێر کارەبا دراوە بە پارێزگای سلێمانی، 18 کاتژمێر دراوە بە هەولێر، بەڵام تەنها 14 کاتژمێر کارەبا دراوە بە دهۆک. . بەپێی بەدواداچوونێکى ناس کورد لەبارەى کەمی کاتژمێرەکانی کارەبا لە پارێزگای دهۆک، دەرکەوتووە زیاتر لە 150 مێگاوات کارەبا لە پشکی دهۆک دەدزرێت. هێڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لە مانگی ڕابردووەوە 150 مێگاوات کارەبا لە دهۆک لە هێڵی گواستنەوەى کارەبای نیشتمانی دزراوە، دزینی کارەباش لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان هەیە." . لهبارهی چۆنیەتی دزینی كارهبا، هێڤیدار ئەحمەد وتی، "ههندێ كهس لە سنوری پارێزگاکە کە زۆربەیان باخیان هەیە کارەبا دەدزن." ئەوان بەڕێگەى نایاسایی و لە هێڵە سەرەکییەکەوە کارەبا دەبن. ئەو وتیشی، پێویسته ئیدارهی پارێزگای دهۆك ئیش لەسەر ئەو بابەتە بكات و كارهبا لهو كهسانه ببرێت بیگەڕێنێتەوە بۆ خهڵك، ئەگەر وابکات کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای دهۆکیش دەبێتە 18 بۆ 19 کاتژمێر. . هێڤیدار ئەحمەد وتیشی، وێستگەکانی کارەبای هەولێر و سلێمانی بە غازی سروشتی کاردەکان، بەڵام وێستگەکانی دهۆک بە گازوایل کار دەکەن، هەرچەندە ئێستا ڕۆژانە ملیونێک و 500 هەزار لیتر گازوایل بۆ وێستگەی کواشی دابین دەکرێت بەڵام بەپێی پێویست نییە. ناس كورد چەندینجار پەیوەندی بە بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆك كرد بهڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە. .