گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەڕاوەکانى دادگا و پزیشکى داد

دادگا ماددەى تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە گیانلەدەستدانى د.فرمێسک دەگۆڕێت

2021.09.27 - 14:49
App store icon Play store icon Play store icon
دادگا ماددەى تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە گیانلەدەستدانى د.فرمێسک دەگۆڕێت

ناس کورد-

دادگاى هەولێر ماددەى یاسایی تایبەت بە گیانلەدەستدانى د.فرمێسک کچە پزیشکەکەى هەولێرى گۆڕى، دواى ئەوەى ڕاپۆرتى پزیشکى هۆکارى ڕووداوەکەى بۆ "خنکان" گێڕایەوە نەک جەڵتەى دڵ.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

حەوتى ئەم مانگە (ئەیلول) فرمێسک فەرهاد حەسەن 28 ساڵ پزیشکى ددان بە هۆکارێکی نادیار لە مەلەوانگەی فۆرستیزن لە هەولێر گیانی لەدەستدا و کەسوکارەکەشى سکاڵایان تۆمارکرد و گومانى خۆیان لەو بارەیەوە راگەیاند.  

 

بەپێى راپۆرتى پزیشکى داد کە دەست "ناس کورد" کەوتووە و 16ى ئەیلول ئاڕاستەى پۆلیس کراوە، هۆکارى خنکانى دکتۆر فرمێسک ئەوە بووە کە خنکاوە و ئاو چووەتە سیەکانیەوە و هیچ بەڵگەیەک نییە بۆ ژەهراوى بوون.

 

فەرهاد حەسەن باوکى دکتۆر فرمێسک ئەمڕۆ دووشەممە (27 ى ئەیلولى 2021) بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند، "دواى دەرچوونى ڕاپۆرتى پزیشکى داد، دادوەر بڕیارى دا مادەکەى لە 420 بۆ411 بگۆڕێت ". 

 

ماددەى 420  لە یاساى سزادانى عێراقى تایبەتە بە شاردنەوەى تەرمى کوژاراو، بەڵام ماددەى 411 تایبەتە بە کەمتەرخەمى لەدۆسیەى گیان لەدەستدانى کەسێک کە سزاکەى دەگاتە حەوت ساڵ.

 

باوکى فرمێسک ئاماژەى بەوەکرد، "ئێمە سکاڵامان لەسەر کەمتەرخەمى مەلەوانگەکە هەبووە".

 

وتیشى چەند جارێک هەوڵدراوە خاوەنى مەلەوانگەکە بە کەفالەت ئازاد بکرێت بەڵام دادوەر ڕازى نەبووە ئازادى بکات.

 

لەدواى رووداوەکەوە مەلەوانگەگە داخراوە و بەرپرسانى مەلەوانگەکەش هیچ قسەیەکیان نەکردووە.  

  

فرمێسک ماوەى مانگێک بوو بۆ چارەسەرى تەندروستى و لەسەر بنەماى راوێژى پزیشک دەچووە ئەو مەلەوانگەیە، ئەو بەیانییەى گیانى لەدەستدا خوشکێکى بچوکى تەمەن هشت ساڵانى لەگەڵ بووە.    

  

دواى نزیکەى هەفتەیەک لە گیان لەدەستدانى، دایک و باوکى دکتۆرە فرمێسک 13ى ئەیلول بەفەرمى سکاڵاى یاساییان تۆمارکرد لەبارەى گیان لەدەستدانى کچەکەیان لە مەلەوانگەیەکى هەولێر و داوا دەکەن لایەنى کەمتەرخەم دیاری بکرێت.    

  

یەکێک لە پارێزەرانى دۆسیەکە دواى تۆماکردنى سکاڵاکە وتى "دایک و باوکى د.فرمێسک سکاڵایان تۆمارکردووە، بەبێ ئەوەى هیچ کەس لایەنێک تۆمەتبار بکەن، بەڵام دەیانەوێت لایەنى کەمتەرخەم دیاریبکرێت و دادگاى لێکۆڵینەوە رێکارى یاسایی ئەنجام بدات".    

  

فرمێسکى پزیشک جگە لە کارى پزیشکى ددان هونەرمەند بوو، لەچەند مانگى رابردوودا پرۆژەیەکى بۆ گونجاندنى هونەرو پزیشکى بەناوى (هونەر و تەندروستى لە پێناو مرۆڤایەتى) راگەیاند.    

  

بڕیار بوو فرمێسک لە چوارچێوەى پرۆژەکەیدا مانگى داهاتوو بچێتە وڵاتى کەنەدا و دواتر ئەمریکا، بەڵام مەرگ ڕێگەى پێنەدا.