گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’بژاردەى داخستنى خوێندن’’

پەتایەکى نوێ لەسلێمانى..تەندروستى وردەکاریی ئاشکرادەکات

2021.09.26 - 17:26
App store icon Play store icon Play store icon
پەتایەکى نوێ لەسلێمانى..تەندروستى وردەکاریی ئاشکرادەکات

ناس کورد-

 

تەندروستى سلێمانى بڵاوبوونەوەى پەتایەکى لەناو منداڵاندا راگەیاند و بەرێوەبەرى نەخۆشخانەى منداڵانیش دەڵێت داخستنی دەرگای خوێندنگا و قوتابخانە دەبێت دوا شوێن بێت کەبیری لێبکرێتەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنى پەتاکە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی پێگەى فەرمى تەندروستى سلێمانى، نیشانەکانى پەتاکە بریتین لە، تا، کۆکە، هەڵامەت، سکچوون، ڕشانەوە، ئازاری سک و سەرئێشە، هەندێک لە منداڵەکان نیشانەکانیان سووکن و بەشێکی دیکەشیان بەتووندی تووش دەبن، بە گوێرەی شیکارییە تاقیگەییەکان بەشێکیان تووشبووی کۆرۆنان، بەشێکی دیکەشیان پەتای هەڵامەتی ئاسایین.

 

د.پشدەر عبدللە پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و  بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جمال ئەحمد ڕەشیدی منداڵان وتى "بەهۆی کردنەوەی دەرگای خوێندنگاو قوتابخانەکان چاوەڕوان کراوە کە ئەو حاڵەتانە زیاد بکات، بەتایبەت کەساڵی پار  دەرگای ئەو شوێنانانە داخرابوون و کەمترین تووشبووی منداڵ هەبوو، بۆیە بەشی زۆری منداڵان بەرگرییان بۆ درووست نەبووە بۆ کۆڕۆنا و پەتا وەرزیەکان".

 

سەبارەت بە بژاردەى داخستنی دەرگای خوێندنگاو قوتابخانەکاندا، ئەو پزیشکە وتی "بەدڵنیاییەوە نەخێر لەگەڵ ئەو بژاردەیەدا نین، دوو ساڵی ڕابردوو گەورەترین زیان بەر پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردن کەوت، بۆیە داخستنی دەرگای خوێندنگاو قوتابخانە ئەبێت دوا شوێن بێت کەبیری لێ بکرێتەوە، ئەویش لەبەر گرنگی پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردن".

 

پشدەر عەبدوڵا جەختیکردەوە، لە ئێستادا باشترین ڕێکار کە بگیرێتەبەر خۆپارێزییە، منداڵان فێر بکرێن کەچۆن خۆپارێزی بکەن.

 

هەروەها لەبارەی قورس و سوکی پەتاکەوە رونیکردەوە "بەشی زۆریان بەسووکی ئەیگرن، بەشێکیشیان نیشانەیان هەر لێ دەرناکەوێت، بەشێکیشیان بە تووندی ئەیگرن، بەڵام دوای وەرگرتنی چارەسەر لەنەخۆشخانە دوای چەند ڕۆژێکی کەم باروودۆخیان باش ئەبێت و ئەنێردرێنە ماڵەوە".

 

لە سەر چۆنێتی چارەسەرەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و فراوانی نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان، د.پشدەر دەڵێت "بارودۆخ زۆر ئاساییە، توانای نەخۆشخانەکە هەم لەڕووی ژمارەی بێد و  ئامێری پێویست و دەرمان و تاقیگەوە هەنگاوی باشی ناوە و دەتوانم بڵێم لە باشترین  باروودۆخداین".