ناس کورد-
نوسینگەی سلێمانیی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان داوا لەو کەسانە دەکات هێشتا کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووە بەزووترین کات سەردانی ناوەندەکان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی "ئەگەرنا ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو سەرجەم کارتەکان دەگەڕێنەوە بۆ نوسینگەی نیشتمانی لە بەغدا".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نوسینگەی سلێمانیی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە ئاگادارییەکدا (26ی ئەیلولی 2021) سەرجەم ئەو دەنگدەرانە دەکات کە لە سنووری پارێزگای سلێمانیدان و "تائێستا کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەرنەگرتووە، بۆ ئەوەی مافی دەنگدانیان نەفەوتێت لەزووترین کاتدا سەردانی نزیکترین ناوەندی تۆمارکردن لەشوێنی نیشتەجێبوونیان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان."
جەخت دەکاتەوە کە "دوا کات بۆ وەرگرتنی کارتی دەنگدان ڕۆژی یەکشەممە (3ی تشرینی یەکەمی 2021)ـە و لەدوای ئەو بەروارە سەرجەم کارتە دابەشنەکراوەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئۆفیسی نیشتمانی لە بەغدا."
هاوکات هەر ئەمڕۆ حکومەتی عێراق لەڕێگەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە پاداشتێکی دارایی دەدات بە هەر هاوڵاتییەک بچێت کارتی هەڵبژاردنی نوێکراوەکەى وەربگرێتەوە بۆ بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکەى 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ.
جەلیل عەدنان خەلەف، سەرۆکى ئەنجومەنی کۆمسیاران لە ڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپییەکی دەستی "ناس کورد" کەوتووە (26ی ئەیلولی 2021) دەڵێت، "حکومەت پاداشتێکی تایبەت پێشکەشی هەر دەنگدەرێک دەکات کە بچێت کارتی هەڵبژاردنی چاپکراو وەربگرێتەوە کە لەئێستادا لە سەرجەم ناوەندەکانی تۆماری دەنگدەراندا هەن تاوەکو بتوانن دەنگ بدەن."
دەشڵێت، "وادەی پێدانەوەى کارتی هەڵبژاردن بە هاوڵاتیان نزیکبووەتەوە و دوای ئەوە دەگەڕێنرێتەوە بۆ نوسینگەی نیشتمانی."