گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری بەدواداچوون بۆ دۆسیەی وەرگرتنی بەرتیل لەلایەن دادوەرەکانەوە دەکات

2021.09.26 - 10:15
App store icon Play store icon Play store icon
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری بەدواداچوون بۆ دۆسیەی وەرگرتنی بەرتیل لەلایەن دادوەرەکانەوە دەکات

ناس کورد-

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان بڕیاری دا بەدواداچوون بکات بۆ نوسینی پارێزەرێک بکات کە تێیدا ژمارەیەک دادوەر تۆمەتبار دەکات بە وەرگرتن بەرتیل و دەڵێت، دواتر ئەنجامەکەى بڵاودەکەنەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا (26ی ئەیلولی 2021) دەڵێت، "دوای ئه‌وه‌ی پارێزه‌رێك به‌ناوی (جه‌واد خۆشناو) له‌ ئه‌كاونته‌كه‌ی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نووسینێكی بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ تێیدا تۆمه‌ت ده‌خاته‌ پاڵ ژماره‌یه‌ك دادوه‌ر له‌ دادگاكانی كه‌تن، به‌رایی و پێداچوونه‌وه‌، ئێمه‌ وه‌ك ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و سه‌رۆكایه‌تی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان راده‌گه‌یه‌نین به‌دواداچوونی ورد ده‌كه‌ین و له‌ په‌یوه‌ندیداین له‌گه‌ڵ سه‌ندیكای پارێزه‌رانه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی كه‌ پارێزه‌ری ناوبراو باسی كردووه‌، ئه‌ویش به‌ مه‌به‌ستی به‌داوداچوون له‌سه‌ریان."

 

دەشڵێت، "دوای ته‌واوبوونی ڕێكاره‌كانیش، ئه‌نجامه‌كان بۆ رای گشتی بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه‌."

 

ڕۆژی 24ی ئەیلولی 2021، جەواد خۆشناو کە پارێزەرێکی شاری هەولێر لە نوسینێکیدا لە فەیسبوکی خۆی دەڵێت، "ژمارەیەك دادوەر لە دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر دەڵاڵیان هەیە و پارە لە خەڵك و لە پارێزەران وەردەگرن لە داگاكانی (كەتن، بەرایی، پێداچوونەوە)، ئەوان ویژدان و یاسایان خستۆتە ژێر پێیان!"

 

دەشڵێت، "بە بەڵگە كێشەیان بۆ هەموو ئەو كەسانە دروست كردووە كە پارەیان پێنەداون، هەر یەكە لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانم لەم بابەتە ئاگاداركردووەتەوە."

 


جەواد خۆشناو باسی لەوەشکردووە کە "سكاڵام تۆمار كردووە لە سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر، بەڵام بە داخەوە سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر ئامادە نییە بەڵگەكانم لێ وەرگرێت كە بریتین لە ١٧ شاهید و ڤیدیۆی تایبەت بەم داوەرانە و دەڵاڵەکانیان كە داوای پارە دەكەن!"


جەواد خۆشناو جەختی کردووەتەوە کە "لە كۆنگرێیەكی ڕۆژنامەوانی ناوی هەموو دادوەرەكان و دەڵاڵەکانیان بڵاودەكەمەوە، هەموو ڤیدیۆكانیش بڵاودەكەمەوە، تا دونیا بزانێت لە هەرێمی كوردستان دادگا لە چ ئاستێكە".