گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری دەخاتەڕوو

پزیشکێکی کورد: کاسبییەکی زۆر بۆگەن بە ھەوکردنی خوێنەوە دەکرێت

2021.09.26 - 09:34
App store icon Play store icon Play store icon
پزیشکێکی کورد: کاسبییەکی زۆر بۆگەن بە ھەوکردنی خوێنەوە دەکرێت

ناس کورد-

پزیشکێکی تایبەتمەندی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە زانستی پزیشکیدا شتێک نییە بەناوی هەوکردنی خوێن و دەڵێت، "دوو لە ڕووتان کاسپییەکی زۆر بۆگەن بەم دەستەواژەوە دەکرێت".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دکتۆر زانیاری هیوا کە دکتۆرای لە نەخۆشییەکانی منداڵان و تازە لەدایک بووان و تەندروستی و گەشەی منداڵدا هەیە لە پەیجی خۆی بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ئەوەى زۆرجار پزیشک و هاوڵاتیان دەستەواژەی ئیلتیهابی خوێن بەکاردەهێنن 99% مەبەستیان بەرزبوونەوەی خڕۆکە سپییەکانە نەک Sepsis، "ئەوەش پێویستی بە یەک دنیا پشکنین نییە."

 

دەقی نوسینەکەى دکتۆر زانیاری بخوێنەوە

پێش چەند ڕۆژێک لە پەیجی خۆم چەند کورتە نووسینێکم لە وەڵامی کۆمێنتی چەند بەڕێزێکدا کردبوو لەسەر پۆستێکم.
نووسینەکان هەموویان کوورت بوون، چەند بەڕێزێک لەسەر ئیلتیهابی خوێن پرسیاریان کردبوو! لە وەڵامی ئەمەدا منیش تەنها نووسیم کەوا لە زانستی پزیشکیدا دەستەواژەیەک نییە بەناوی ئیلتیهابی خوێن، لەم جارەدا تەنها بەو کوورتییە نووسیبووم و پێشووتر پۆستی دوورودرێژم لەسەر کردووە.


هەم لە پەیجەکەی خۆم هەم لە پەیجێک کە نووسینی پزیشکان بڵاو دەکاتەوە (پزیشکانی کوردستان) کۆمێنت زۆر هاتبوو، خوا هەڵناگرێت جگە لە هەندێک کۆمێنت کە باسی ئەوەیان کردبوو قسەکەم ماقولە ئیتر ئەولای کەس ڕەحمی نە بە خۆم و نە بە نووسینەکەش نەکردبوو!


زۆر کەس محازەرەیان نووسیبوو، هەبوو نووسیبووی جا دکتۆری مناڵان بۆ باسی خوێن ئەکات وەک ئەوەی مناڵ شەربەتی هەنار لە جەستەیدا بێت و بچێت! یەکێک نووسیبووی خەڵکی ئێمە تەداخولی هەموو شتێک ئەکات!


با زیاتر سەرتان نەئێشێنم؛
دوو لە ڕووتان کاسپییەکی زۆر بۆگەن بەم دەستەواژەی ئیلتیهابی خوێنەوە دەکرێت! ئیتر تۆ پێت وایە کێ ئەم کاسپییە ئەکات پەیوەندی بە منەوە نییە تەنانەت گەر نووری چاویشم بێت.


لە زانستی پزیشکیدا لەکاتی پرسیارکردندا لە نەخۆشەکە دەپرسیت کە ئایا پێشتر هیچ نەخۆشییەکت هەبووە، زۆرێک هەن لە وەڵامدا دەڵێن ئەرەوەڵا دکتۆر ئیلتیهابی خوێنم هەیە یان مناڵەکەم هەیەتی!


واو وەڵا گووناحە فەقیرە ئیلتیهابی خوێنی درێژخایەنی هەیە! ئاخر خۆی خورافیات و فکری بێ مەعنا گەلێک زۆرە لە کۆمەڵگادا کە نان و پیازی باشی پێوە دەخورێت! تکایە پێویستمان بە هی زیاتر نییە!


ئەزانن چۆنە!؟ تۆ دێیت بۆ لای من ٥ ڕۆژە "تا"ی هەیە مناڵەکەت، منیش چی ئەکەم پرسیارت لێ دەکەم و پشکنینی سەریری بۆ دەنێرم و پاشان پشکنینی تاقیگەیی، هیچ هۆکارێک نادۆزمەوە تەنها ئەوە نەبێت کە خڕۆکە سپییەکانی هەنێک بەرز بووەتەوە! تا ئێرا ئاساییە چونکە بەشێکی یەجگار زۆری ئەو حاڵەتانە لە منداڵاندا هەیە کە مناڵەکە تووشی تا دەبێت و تێی دەپەڕێنێت و هەر پشکنینێکیشی بۆ بکەیت زۆر زەحمەتە سەرچاوەکەی بدۆزیتەوە! ناوە زانستییەکەی پێی دەگووترێت"fever without localizing sign" واتا تای بێ ئاماژە بۆ دیاری کردنی سەرچاوەکەی، '' تکایە پێم مەڵێن ئەمە "pyrexia of unknown origin"ە چونکە ئەمانە دوو حاڵەتی جیاوازن"، لە کۆتاییدا لە باتی ئەوەی بێم ئەم حاڵەتەت بۆ شەرح بکەم تاقەتم نییەو ئەڵێم براکەم مناڵەکەت ئیلتیهابی خوێنی هەیە!!


تای بێ ئاماژە بۆ دیاریکردنی سەرچاوەکەی دەکرێت هۆکارەکەی ڤایرۆس، بەکتریا کەڕوو یاخوود هەندێک جار هۆکاری نامیکرۆبیش بێت! بۆ ئەوەی کە بزانیت ئەمە بەکتریایە، ڤایرۆسە، کەڕووە لە خوێندا بڵاوەی کردووە یان پێویستت بە کاتە یان پێویستت بە پشکنینی ترە یان هەر بەهۆی گۆڕانکارییەوە لە ڕێژەی جۆرە جیاوازەکانی خڕۆکە سپییەکاندا دەتوانیت ئەم بڕیارە بدەیت، پێویستە بگووترێت کە "ڕەنگە" بەکتریایەک، ڤایرۆسێک یاخوود کەڕوویەک لە خوێنت "یاخوود" جەستەتدا هەیە یان ئەسڵەن ڕەنگە هیچ یەکێک لەمانەش نەبێت و پێویستمان بە کاتە بۆ بڕیاردان لەو بارەیەوە نەک وەڵا برام جەنابت یان منداڵەکەت ئیلتیهابت هەیە لە خوێنتدا!


جا ئێستا با پێت بڵێم؛ یان ئەبێت ئەم هەموو شێرو ڕێوییە بۆ نەخۆشەکە بێنیتەوە یان ئەبێت هەر بە جارێک و بە ئاسانی پێی بڵێیت براکەم ئیلتیهابی خوێنت یان خوێنی هەیە منداڵەکەت و ئەه!


جا ئەگەر ئەمەی سەرەوە بوو کە بە ئیلتیهابی خوێن دانرابوو! ئەوە پێویست بەوە ناکات کابرا ٥٠ جار بێت و بچێت و پشکنین دووبارە بکاتەوە!


حاڵەتێکی تری پزیشکیش هەیە پێی دەگووترێت "Sepsis" هەندێک پێیان وابوو کەوا ئەم حاڵەتە مافی ئەوەی هەیە پێی بگووترێت ئیلتیهابی خوێن، لە ڕاستیدا نەخێر sepsis قۆناغێک پاش "SIRS"ە و ئەمەش واتا "systemic inflammatory response syndrome" کە بە کوردی بە نزیک کراوەیی واتاکەی ئەوەیە کەوا جەستە و هەموو کۆئەندامەکانی تووشی وەڵامدانەوەیەک دەبن لە شێوەی هەوکردن! وە کاتێک ئەم سیرسە بەهۆی بەکتریا، ڤایرۆس یان کەڕووەوە بێت ئەوە سێپسسە، لە پێناسە زانستییەکەیدا لە کتێبە پزیشکییەکاندا تەنانەت بە یەک ووشەش ناڵێت blood infection! باسی دکتۆر گووگڵ مەکەن تکایە!


زۆر بە ڕاشکاوانە بڵێم ئەو دەستەواژەی ئیلتیهابی خوێنە لە لایەن سەدا ٩٩ ی ئەوانەی کە بەکاری دەهێنن وەک بەرامبەرێک بۆ بەرزبوونەوەی خڕۆکە سپییەکانە نەک sepsis!


ئەویش لەبەر دوو هۆکار یان ئەوەیە کە لە زانستی پزیشکی نازانن! یان ئەوەیە کە تاقەتیان نییەو نایانەوێت گرنگی بە لایەنی سایکۆلۆجی نەخۆش بدەن کە پێویستە حاڵەتەکەی بۆ ڕوون بکەنەوە!
هەموو شتێک ڕێکارو ئسوڵی خۆی هەیە ناڵیم هەڵشاخێ بەوەدا کە چارەسەرت دەکات بەڵام هەوڵ بدە کە تێت بگەیەنێت چیتە!


ئەم خەڵکەی ئێمە واز لەوە ناهێنێت کە دۆو دۆشاو تێکەڵ بکات و تەڕو ووشک پێکەوە بسوتێنێت، من وەک ئەرکێکی ئەخلاقی ئەم بابەتەم باس کردووەو تۆش دەتوانیت سوودی لێ وەربگریت گەر تاقەتت هەبووبوو تا کۆتایی خوێنەری بیت چونکە گلەیی زۆر کرابوو لە پۆستەکەی ڕابردوو گوایە کورتە! گەر نەشت وویست سوودی لێ ببینیت تکایە ئامۆژگاریم مەکە لەکاتێکدا کە لە نزیکەوە نامناسیت! تکایە بە بیرکردنەوەی خۆت بڕیار مەدە لەسەر ئەوەی بۆ ئەم بابەتە نووسراوە.


ڕووی ئەم نووسینە تەنها لە پزیشکان نییە چونکە زۆر ئاشکرایە کە تەنها پزیشک لەم هەرێمەی ئێمەدا نەخۆش نابینێت و هەزار و یەک کوون و کەلەبەر هەیە بۆ نەخۆش بینین.


کۆتا بەش! بۆ ئەوەی دیسان شێرو ڕێوی شەرح کردنیCRP و ESR نەیەتەوە گۆڕێ، هەموو ئەمانە هاوکاری پزیشکن لە پرۆسەی دەستنیشانکردن و موتابەعە کردنی نەخۆشدا لەپاڵ گرنگترین بەشدا کە بریتییە لە قسەکردن لەگەڵ نەخۆش و پشکنینی سەریری نەخۆشەکە، وە بەرزبوونەوەی هەر یەکێک لەمانە بە تەنها هەرگیزاو هەرگیز شوێنی ئیلتیهابت پێ ناڵێن. هەرچی سەبارەت بە CBCە مومکینە پێت بڵێت کە ئایا bacteraemia یان viremiaت هەیە بەڵام لێرەدا پێویستە بگووترێت بەکتریا یان ڤایرۆست هەیە لە خوێنت نەک ئیلتیهاب چونکە ئەمانە حالەتی زۆر کاتین و تێدەپەڕن بەڵام ستیگمای ووشەی ئیلتیهابی خوێن زۆر گەورەترە بە جۆرێک کە هەندێک نەخۆش بە نەخۆشی درێژخایەن وەسفی دەکەن! نەخۆشێکم هەبوو دەیگووت یەک ساڵە من مانگانە فەحس دەکەم لەبەر ئیلتیهابی خوێن! ئەمە جگە لەوەی کە کە پێناسەی هیچ یەکێک لە باکتریمیا و ڤایریمیادا نەنووسراوە بڵەد ئینفێکشن یان بڵەد ئینفلامەیشن واتا "ئیلتیهابی خوێن".
Doctor ZanYar
پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان