گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرپەرشتیاری كۆنگرەكەی هەولێر داوای لێبوردنی كرد

2021.09.26 - 09:05
App store icon Play store icon Play store icon
سەرپەرشتیاری كۆنگرەكەی هەولێر داوای لێبوردنی كرد

ناس کورد-

ویسام حەردان، سەرپەرشتیاری كۆنگرەكەی هەولێر داوای لێبوردنی كرد و ڕایگەیاند، "بەیاننامەیەكم خوێندنەوە نەمزانی باسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی تێدایە لەگەڵ ئیسرائیل".
 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕۆژی هەینی ڕابردوو، 24ی ئەیلولی 2021، زیاتر لە 300 کەسایەتی عەشایەری سونە و شیعەی عێراق کۆنگرەیەکیان لە هەولێر بەست لەژێر ناوی "مؤتمر السلام والاسترداد - کۆنگرەی ئاشتی و چاکبوونەوە"، لە بەیاننامەی کۆتایی کۆنگرەکەدا داوای ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانی عێراق و ئیسرائیل کرا.

 

دواتر کاردانەوەیەکی فراوانی حکومی و حزبی و جەماوەری لێکەوتەوە، سەرۆکایەتی کۆمار، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و زۆربەى حزبە شیعی و سونییەکان بەیاننامەی ناڕەزایەتییان دەرکرد.

 

دەستبەجێ سەرۆکایەتی هەرێم، حکومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆی ڕاگەیەنراویان دەرکرد و تێیدا ئاماژەیان بەوە کرد کە "ئاگامان لە بەستنی کۆنگرەکە نەبووە و ناوەڕۆکەکەى ڕای حکومەتی هەرێم نییە بەڵکو تەنها بەشداربووانی کۆنگرەکەیە."

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە ئەلمەدای راگەیاندووە رێكخەری پشت كۆنگرەی كەسایەتییە عێراقییەكانی هەولێر كەسێكی ئەمەریكی جووە كە لە بنەڕەتدا عێراقییە و ناوی جۆزیف برودییە و سەنتەرێك بەڕێوەدەبات بەناوی "پەیوەندییەكانی ئاشتی".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

 

بەگوتەی لێدوانی سەرچاوەكە كە "ناس كورد" بینیویەتی (26ی ئەیلولی 2021) رێكخەرە ئەمەریكییەكە ناوەڕۆكی كۆنگرەكەی ئاشكرا نەكردووە بۆ ئاسایش و دەسەڵاتداران وایانزانیوە لەبارەی هەڵبژاردنەوەیە كە ئێستا باسی گەرمی ڕۆژە.

 

سەرچاوەكە ئەوەش دەخاتەڕوو، جۆزێف برودی هەندێك كەسایەتی كۆمەڵایەتی كۆكردووەتەوە و لەپڕدا باسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان كراوە لەگەڵ ئیسرائیل و تەنانەت دواتر "مەسعود بارزانی بێئاگایی خۆی دەربڕیوە لە ناوەڕۆكی كۆنگرەكە".

 

ئەو كەسەی بەیاننامەی كۆتایی دەخوێنێتەوە ویسام حەردان دلێمییە، پێشتر لەسەردەمی مالیكی وەك فەرماندەی هێزەكانی سەحوە دیاری كراوە، پەیوەندی زۆریشی لەگەڵ مالیكی و فەیاز هەیە و لەهەندێ سەردانیشدا لەگەڵ سەدر و حەكیم دەركەوتووە.

 

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر کۆنگرەکە دەڵێت، سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان بە هیچ شێوەیەک ئاگادارى کۆبوونەوەکە و ناوەڕۆکى بابەتەکانى نەبووە و ئه‌وه‌ی له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ ده‌رچووه‌، به‌‌ هیچ شێویه‌ک بۆچوون و سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی هه‌رێمی کوردستان نییه‌.

 

لە لایەكیترەوە هەژماری فەرمی نەفتالی بینیت، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بەزمانی عەرەبی پەیامێكی ئاراستەی كۆنگرەی دوێنێی هەولێر كرد و باس لەوە دەكات، "سەدان كەسایەتی عێراقی لەپێناو دروستكردنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل كۆبوونەتەوە".

 

هەژمارەكە "تویتەر" لە پەیامێكدا كە "ناس كورد" بینیویەتی (25ی ئەیلولی 2021) بانگەشەی ئەوە دەكات بەشدارانی كۆنگرە سەدان كەس بوون لە شیعە و سوننە و گرنگییەكەی ئەوەیە لە گەلەوە هاتوون نەك حكومەت و دانیان ناوە بەو ستەمە مێژوییەی لە جووی عێراق كراوە.

 

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "لە بەرانبەردا ئیسرائیل دەستی ئاشتیتان بۆ درێژ دەكات".