گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕێژەی هەژاری بۆ 17٪ و ڕێژەی بێکاری بۆ 6٪ کەمدەکاتەوە

وردەکاری پلانە پێنج ساڵییەکەی عیراق

2019.03.11 - 21:07
وردەکاری پلانە پێنج ساڵییەکەی عیراق

 

ناس نیوز- هەڤاڵ فەتاح

عیراق بەنیازە لە كۆتایی 2022 ڕێژەی هەژاری وبیكاری كەمبكاتەوە بۆ ئاستێكی ستانداردی جیهانی، ئەوەش پاش پەیڕەوكردنی پلانی ستراتیژی پێنج ساڵە دێت.

 

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ ناس کورد ئەو زانیاریانەی خستە ڕوو.

 

عەبدول زەهرە هینداوی  وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق تایبەت بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "حكومەتی فیدراڵی پلانی ستراتیژی گەشەپێدانی پێنج ساڵەی داناوە لە 2018 بۆ 2022، بۆ پەرەپێدانی ئابوری عیراق، گرنگی دراوە بەچەند سێكتەرێك، گرنگترینیان سێكتەری پیشەسازی، كشتوكاڵی و گەشتوگوزارە".

 

بە گوێرەی زانیارییەکانی وتەبێژەکەی وەزارەتی پلاندانی عیراق، لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا گەر عیراق زیاتر لە 380ملیار دۆلاری دەست بكەوێت، 50%ی ئەو پارەیەش بۆ پەرەپێدانی كەرتی تایبەت تەرخانبکات وەک لە پلانەکەدا هاتووە، پلانی کەمکردنەوەی بێکاری سەرکەوتودەبێت.

 

ئەو پلانە ستراتیژیە پینج ساڵیە ڕەچاوی هەمو شارەكانی عیراقی كردووە، لە ڕوی دەوڵەمەندی و هەژارییەوە، وە هەروەها تاچەند سەرچاوەی دارایی هاوشێوەی نەوت و دەروازە سنورییەکان بوونی هەیە.

 

وەزارەتی پلاندانانی عیراق پلانەکەی ناوناوە (پلانی نیشتمانی ستراتیژی بۆ بنبڕكردنی هەژاری لە عیراقدا)، ئامانجی ئەوەیە "ڕێژەی هەژاری لە  23٪وە كەم بکاتەوە بۆ 17٪ ، وە ڕێژەی بێکاریش لە 11٪وە کەمبکاتەوە بۆ 6٪، ئەوەش تا كۆتایی ساڵی 2022". 

عەبدول زەهرە هینداوی  ئاشکرای کرد لە پلانە ستراتیژییەکەدا گرنگیدراوە بە چارەسەركردنی كێشەی کەم ئاوی لە عێراقدا، دەڵێت: "گرنگیدراوە بە دروستكردنی بەنداو و دابین كردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاوڵاتیان، دەبێت لە كۆتایی 2022دا ڕۆژانە هەر هاولاتیەكی نیشتەجێبوی ناو شار بڕی 250 لیتر ئاوی بەربكەوێت، هاوڵاتیانی دەرەوەی شارەكانیش 200 لیتر".

لە بارەی جیبەجێنەکردنی پلانەکانی پێشوو لەو بوارانەدا، هینداوی، شەڕی داعش و ئاوارەبوونی هاوڵاتیان و دابەزینی نرخی نەوتی بە هۆکار زانی.

 

پلانەکەی وەزارەتی پلاندانان هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، بەڵام پلانی بنبركردنی هە ژاری هەرێم دەگرێتەوە، "هەرێم لە هەموو ئەو لیژناندا كە پەیوەستە بە بنبڕکردنی بێکارییەوە نوێنەری خۆی هەیە".

 

 

حكومەتی عیراق لە ساڵەکانی 2010، 2014 و2017 پلانی ستراتیژی بۆ پەرەپێدانی سێکتەرەکان هەبوە، بەڵام جێبەجێنەکراوە، بە هۆی جێبەجێنەکردنیشیانەوە، شكست بە زیاتر لە 5 هەزار پرۆژە هاتووە.