گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەیامێکی گرنگ لە کازمییەوە بۆ هەموو خەڵکی عێراق

2021.09.24 - 16:37
App store icon Play store icon Play store icon
پەیامێکی گرنگ لە کازمییەوە بۆ هەموو خەڵکی عێراق

ناس کورد-

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، "چەند ڕۆژێكی كەم ماوە لەبەردەم گەلەكەمان بۆ ئەوەی ئایندەی خۆی لە ڕێگەی بەشداریكردنی فراوان و هەڵبژاردنی دروستەوە، بنەخشێنێت."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کازمی ئەمڕۆ هەینی، 24ی ئەیلولی 2021، لە تویتی خۆی نوسیویەتی، "بڕوا بەوانە مەكەن گفتی وەهمی دەدەن بۆ دامەزراندن و پارچە زەوی و دەنگ دەكڕن، گوێ لەوانەش مەگرن هەڕەشە دەكەن، دووریان بخەنەوە لە هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگەرد."

 

پێشتر کازمی هۆشداری دا لە هەوڵەکانى کڕینى دەنگ لەڕێگەى "دامەزراندنى وەهمى"یەوە و بەڵێنیدا ڕێگە بە گەندەڵى و ساختەکاریی نەدات لە هەڵبژاردنى داهاتوودا.

 

ئەو وتانەى کازمى لەمیانەى کۆبوونەوەى ڕۆژی چوارشەممەى ئەنجومەنى وەزیراندا بوو کە بەشێکى تایبەت بوو بە پرسی هەڵبژاردنى داهاتوو، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەکەى کە دەست "ناس کورد" کەوتووە.

 

کازمى وتى، "چەند رۆژێک ماوە بۆ هەڵبژاردن، متمانەمان هەیە و گەشبینین بەوەى پڕۆسەیەک دەبێت کە پێشتر هاوشێوەى نەبووە لەرووى پاکى و نەزاهەتەوە".

 

وتیشى، "هەر هەوڵێک بۆ کڕینى دەنگ لەڕێگەى دامەزراندنى وەهمی و دابەشکردنى زەوى، بەڵێنى درۆن کە جێبەجێ ناکرێن".

 

هەڵبژاردنی پێشوەختە

بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە 10 تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (10) ی 2021 بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت. ئەم هەڵبژاردنە بەگوێرەی یاسای ژمارە 9 ی ساڵی 2020 ئەنجام دەدرێت كە 18 پارێزگای عێراقی دابەشكردووە بۆ 83 بازنەی هەڵبژاردن كە هاوتای ژمارەی كۆتای ژنانە، مەرجیشە لەهەموو بازنەیەكدا كاندیدێكی ژن سەربكەوێت.

 

ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە 25 ملیۆن كەسن، كاندیدەكان جگە لە حیزب و هاوپەیمانێتییەكان، ڕێژەیەكی بەرچاویان بەشێوەی سەربەخۆ و لیستی تاك خۆیان پاڵاوتووە، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانیش 329 كورسییە كە 320 یان بۆ كێبەركێیە، 9 كورسیشییان بۆ كۆتای پێكهاتەكانە كە 5 كورسی بۆ مەسیحییەكانە و 1 كورسی بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی شەبەك، سابیئە، ئێزدی و كوردانی فەیلییە لە كوت.

 

ئاماری لیست و كاندیدەكان

ژمارەی هێزە بەشدارەكان: 44 هاوپەیمانێتی و 267 حیزب

ژمارەی گشتی كاندیدان: 3 هەزار و 523 كەس

سەربەخۆكان 887 كاندید

حیزبەكان 1002

هاوپەیمانێتی: 2560 كاندید

لەڕووی جێندەرییەوە 2 هەزار و 560 كاندید لەڕەگەزی نێرن و 963 یان لەڕەگەزی مێ.

 

لەپاش پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی، 4 هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامدراوە كە لەساڵەكانی 2005 و 2010 و 20214 و 2018 بوون، پێشتر سیستمەكانی هەڵبژاردن، "نوێنەرایەتی رێژەیی بوون" بەپێی سیستمی سانت لیگۆی هەمواركراو لە 18 بازنەی عێراق كە هاوتای ژمارەی پارێزگاكان بوون، بەڵام بۆ 2021 بووە بە "زۆرینەی یەك دەنگی نەگوێزراوە" لە 83 بازنەی هەڵبژاردن.