ناس کورد-
یەکێتی ئەوروپا داوای لە بەرهەمهێنەرانی مۆبایل و ئامێرە ئەلکترۆنییە بچووکەکان کرد شێواز و جۆری بارگاویکەرەکانیان (شاحینەکان) یەکبخەن بۆئەوەى بەکارهێنەران لەکاتی کرینی ئامێری نوێدا هەمان بارگاویکەری پێشوو بەکاربهێنن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاژانسی ئاسۆشییەتدپرێس لە ڕاپۆرتێکدا کە "ناس کورد" خوێندوویەتییەوە (24ی ئەیلولی 2021) دەڵێت، کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا پێشنیازی دەرکردنی یاسایەکی کردووە تاوەکو بارگاویکەری جۆری (C) لە هەموو وڵاتانی یەکێتییەکە بسەپێنرێت.
کۆمسیۆنەکە دەڵێت کە پێشنیازەکە "بۆ هاندانی بەکارهێنەرانە تاوەکو لەکاتی کڕینی ئامێر و مۆبایلی نوێدا هەمان بارگاویکەر بەکاربهێنن و ناچار نەبن دانەیەکی تازە بکڕن، ئەوەش فڕێدان و خاشاک کەم دەکاتەوە".
لەئێستادا کۆمپانیای ئەپڵ کە یەکێکە لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی مۆبایل بارگاویکەری تایبەت بەخۆی هەیە بە ناوی "لایتنینگ" و کۆمپانیاکە خۆی دروستیکردووە.
کۆمپانیای ئەپڵ بە ماڵپەڕی بی بی سی وتووە، "ئێمە لە خەمی ئەوەداین کە یاسا نوێیە توندەکان تەنها یەک جۆری بارگاویکەر بسەپێنن، چونکە ئەوە دەبێتەهۆی نەمانی نوێکاری و داهێنانی نوێ لە بارگاویکەرەکاندا، ئەوەش بە زیانی زۆری بەکارهێنەران دەشکێتەوە لە ئەوروپا و جیهاندا".
باسی لەوەشکردووە کە کۆمسیۆنەکە چەند ڕێکارێکی نوێی بەسەر مۆبایلەکان، ئایپاد و کامێرا و بیستۆکەکان و یارییە ئەلیکترۆنییەکاندا سەپاندووە.