ناس كورد-
كۆربەندی شەرعزانی عێراقی فەتوای دا لەسەر حەرامكردنی فرۆشتنی دەنگدان و پێویستی ئاشكراكردن و ناوزڕاندنی ئەوانەشی كە دەنگی خەڵك دەكڕن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
كۆربەندییەكە كە باڵاترین مەرجەعی شەرعزانی سوننەكانە لە بەغدا لە فەتوایەكدا كە "ناس كورد" بینیویەتی (24ی ئەیلولی 2021) دەڵێت، "كڕین و فرۆشتنی كارتی دەنگدان دروست نییە و نرخەكەشی حەرامە چونكە دەبێتەهۆی سەرخستنی خەڵكانی گەندەڵ و دەسەڵاتدار".
هەروەها دەڵێت، "كارت فرۆشتن یارمەتیدانە لەسەر كاری خراپە و گوێ نەدانە بەگرنگی شایەتیدان و لەدەستدانی ئەمانەت و بەرپرسیارێتییە و دەرگای ساختەكاری و تەزویر دەكاتەوە و هەموو هاوڕان لەسەر حەرامكردنی".
كۆڕبەندییەكە "المجمع الفقهي العراقي" كە دەزگایەكی دەوڵەتییە داوا دەكات هەر كاندیدێك دەنگی كڕی یان كارتی دەنگدان مافی پاڵاوتنی لێوەربگیرێتەوە و ناوی بزڕێنرێت چونكە رەگەزێكی گەندەڵە و ئامانجە گۆڕانكاری تێكدەدات".
زیاتر بخوێنەوە: كاندیدێك موچەی 40 ساڵی پەرلەمانتاریی داوە بەكڕینی كارتی دەنگدان
پێشتر مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق هۆشداری دا لە هەوڵەکانى کڕینى دەنگ لەڕێگەى "دامەزراندنى وەهمى"ـیەوە و بەڵێنیدا ڕێگە بە گەندەڵى و ساختەکاریی نەدات لە هەڵبژاردنى داهاتوودا.
ئەو وتانەى کازمى لەمیانەى کۆبوونەوەى ڕۆژی چوارشەممەى ئەنجومەنى وەزیراندا بوو کە بەشێکى تایبەت بوو بە پرسی هەڵبژاردنى داهاتوو، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەکەى کە دەست "ناس کورد" کەوتووە.
کازمى وتى، "چەند ڕۆژێک ماوە بۆ هەڵبژاردن، متمانەمان هەیە و گەشبینین بەوەى پڕۆسەیەک دەبێت کە پێشتر هاوشێوەى نەبووە لەرووى پاکى و نەزاهەتەوە".
وتیشى، "هەر هەوڵێک بۆ کڕینى دەنگ لەڕێگەى دامەزراندنى وەهمی و دابەشکردنى زەوى، بەڵێنى درۆن کە جێبەجێ ناکرێن".
هەڵبژاردنی پێشوەختە
بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە 10 تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (10) ی 2021 بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت. ئەم هەڵبژاردنە بەگوێرەی یاسای ژمارە 9 ی ساڵی 2020 ئەنجام دەدرێت كە 18 پارێزگای عێراقی دابەشكردووە بۆ 83 بازنەی هەڵبژاردن كە هاوتای ژمارەی كۆتای ژنانە، مەرجیشە لەهەموو بازنەیەكدا كاندیدێكی ژن سەربكەوێت.
ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە 25 ملیۆن كەسن، كاندیدەكان جگە لە حیزب و هاوپەیمانێتییەكان، ڕێژەیەكی بەرچاویان بەشێوەی سەربەخۆ و لیستی تاك خۆیان پاڵاوتووە، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانیش 329 كورسییە كە 320 یان بۆ كێبەركێیە، 9 كورسیشییان بۆ كۆتای پێكهاتەكانە كە 5 كورسی بۆ مەسیحییەكانە و 1 كورسی بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی شەبەك، سابیئە، ئێزدی و كوردانی فەیلییە لە كوت.
ئاماری لیست و كاندیدەكان
ژمارەی هێزە بەشدارەكان: 44 هاوپەیمانێتی و 267 حیزب
ژمارەی گشتی كاندیدان: 3 هەزار و 523 كەس
سەربەخۆكان 887 كاندید
حیزبەكان 1002
هاوپەیمانێتی: 2560 كاندید
لەڕووی جێندەرییەوە 2 هەزار و 560 كاندید لەڕەگەزی نێرن و 963 یان لەڕەگەزی مێ.
لەپاش پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی، 4 هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامدراوە كە لەساڵەكانی 2005 و 2010 و 20214 و 2018 بوون، پێشتر سیستمەكانی هەڵبژاردن، "نوێنەرایەتی رێژەیی بوون" بەپێی سیستمی سانت لیگۆی هەمواركراو لە 18 بازنەی عێراق كە هاوتای ژمارەی پارێزگاكان بوون، بەڵام بۆ 2021 بووە بە "زۆرینەی یەك دەنگی نەگوێزراوە" لە 83 بازنەی هەڵبژاردن.