گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

نوێترین پەیامی بافڵ تاڵەبانی لەبارەی گۆڕانکارییەکان.. ’’هێڵی سور’’ی دیاری کرد

2021.09.23 - 21:02
App store icon Play store icon Play store icon
نوێترین پەیامی بافڵ تاڵەبانی لەبارەی گۆڕانکارییەکان.. ’’هێڵی سور’’ی دیاری کرد

ناس کورد- 

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و بریکاری وەزیری ناوخۆ کۆبووەوە و ڕایگەیاند، لەمەودوا چاودێریکردنی ژیانی خەڵک، کەسایەتییە سیاسی و گشتییەکان لەڕێگەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان و هۆكارە تەكنەلۆجییەكانەوە هێڵی سوورە و جێگەی قبووڵ نییە. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی نوسینگەکەی (پێنجشەممە 23ی ئەیلولی 2021) بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە یاوەری چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ و ئەژی ئەمین، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری-زانیاریی ھەرێم سەردانی هەریەک لە دکتۆر خەسرەو گوڵ، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و هیوا ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی کرد.

 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، "لە دیدارێکدا کە لیوا حەکیم کەریم، بەڕێوەبەری نوسینگەی دەزگای ئاسایش ئامادەبوو، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ئەمنی، ھەماھەنگی و ھاوکاری زیاتری نێوان دەزگا ئەمنییەکان کرا بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو کە زیان لە سەقامگیری ناوچەکە بدات." 

 

ئەوەش هاتووە، "دکتۆر خەسرەو گوڵ پلان و ستراتیژی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی بۆ پاراستنی ئارامیی ھەرێم و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییە ئەمنییەکان خستەڕوو و  ئاشکرایکرد، لەماوەی رابردوودا دوور لەچاوی میدیا دەیان شانەی نوستووی تیرۆریستانی داعش ئاشکرا و دەستگیرکراون و راپێچی دادگا کراون، بەھەماھەنگی ھێزەکانی پێشمەرگە، دژەتیرۆر و ھێزەکانی ناوخۆ بەردەوام لە ئەرکداین و ئەرکی ئێمەیە پارێزگاری لە ئاسایش و ئارامی ناوچەکە بکەین و سەروماڵی خەڵک پارێزراو بێت. بۆیە لەبەرامبەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگاش چاوپۆشی لەکەس ناکرێت و رێگە بەهیچ کەسێکیش نادرێت ناوی ئاسایش بۆ بەرژەوەندی شەخسی و مەرامی تایبەت بەکاربهێنێت."

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، لەبەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی ستایشی هەوڵ و ماندووبوونی هێزەکانی ئاسایشی کرد و رایگەیاند، "ئێوە پارێزەری ئارامیی و سەقامگیرین، ماندووبوون و قوربانیدانتان لەبیر ناکەین و بەڕێزەوە لە کار و چالاکییەکانتان دەڕوانین، لای یەکێتی ئاسایش و ژیان و کاروکاسبی خەڵک هێڵی سوورە و نابێت بەهیچ شێوەیەک لەبەرامبەر تاوانکاران و پێشێلکارانی یاسا لێبووردە بن و دەبێت رادەستی یاسا بکرێن، ئێمەش بەهەموو شێوەیەک پشتیوانتان دەبین." 

 

ئەوەش هاتووە، لەدرێژەی دیدارەکەدا هاوسەرۆکی یەکێتی جەختی لەگۆڕانکاری و چاکسازییەکانی ناوخۆی یەکێتی کردەوە و ڕایگەیاند، "لەمەودوا بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین دەزگا ئەمنییەکان بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەکاربهێنرێن و تێکەڵ بە کێشە کەسیی و سیاسییەکان بکرێن، چاودێریکردنی ژیانی خەڵک، کەسایەتییە سیاسی و گشتییەکان لەڕێگەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان و هۆكارە تەكنەلۆجییەكانەوە هێڵی سوورە و جێگای قبووڵ نییە، دەبێت بەبڕیاڕی دادوەر و لەژێر رێنمایی بنەماكانی مافی مرۆڤ ئەركەكانتان ئەنجام بدەن، ئەرکی ئێوە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا و پاراستنی سەقامگیری ناوچەکەیە. دەبێت کەشێکی لەبار و ژیانێکی ئارام بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان فەراهەم بکەن و هەست بەپارێزراوی بکەن."

May be an image of 5 people, furniture and indoor

May be an image of 2 people, people sitting and indoor

May be an image of 1 person, sitting, furniture and indoor