ناس کورد-
لاهور شێخ جەنگی لە پەیامێکدا بەبۆنەی "کارەسات و تاوانی خێڵی حەمەدا" ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ کە یادی ئەو تاوانە دەکەینەوە ئەرکی هەموو دڵسۆزانە کە حزبەکەمان لە لێکترازان بپارێزین و ڕێگە نەدەین پیلانی دووژمنان و نەیاران دژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەربگرێت."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دەقی پەیامەکەی لاهور شێخ جەنگی:
ئەمڕۆ بیست ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کارەسات و تاوانی خێڵی حەمەدا کە تیرۆرستانی جوندلئیسلام و ئەنسارولئیسلام بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە و نامرۆڤانە ٤٣ پێشمەرگەی قارەمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان لە گوندی خێڵی حەمەی سنووری هەڵەبجە بە دیلی شەهید كرد و دواتر تەرمەكانیان شێواندن. لەم ساڵیادەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدە قارەمانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خێڵی حەمە و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دادەنەوێنم و سڵاو ڕێز دەنێرم بۆ کەسوکارە سەربەرزەکانیان. تاوانی خێڵی حهمه، یهكێك بوو له قێزهونترین تاوانەکانەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە تیرۆریستان و تاریکپەرستانی دژ بە مرۆڤایەتی لەژێر پەردەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا ئەنجامیاندا و بوو بە پەڵەیەکی ڕەش بە ناوچەوانی تیرۆریستانەوە.
ئەوکات یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هێزێکی کاریگەر و پۆڵایین بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان ڕووبەڕووی تیرۆریستان بوویەوە و هەر ئەوکاتیش بە درککردن بە سەرهەڵدانی ئەو گرووپ و تاقمە تیرۆریستییانە هێزی دژەتیرۆرمان درووست کرد و لە چەندین قۆناغی مەترسیداردا توانیمان شکست بە تیرۆریستان بهێنین. لە ئێستاشدا کە هێشتا مەترسییەکانی تیرۆر بەردەوامە، پێویستە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق کاری جدی بکەن بۆ ڕیشهكێشكردنی بیری توندڕهوی و نەهێشتنی خانە نوستووەکانی داعش کە هێشتا هەڕەشەن لەسەر کۆی مرۆڤایەتی. ئەمڕۆش کە یادی ئەو تاوانە دەکەینەوە ئەرکی هەموو دڵسۆزانە کە حزبەکەمان لە لێکترازان بپارێزین و ڕێگە نەدەین پیلانی دووژمنان و نەیاران دژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەربگرێت کە یهكهمین پۆله شههیدی دژ به تیرۆرستانی داعشی پێشكهش به خاك و نیشتمان كرد و خاوەنی زیاتر لە ٢٠ هەزار شەهید و کەمئەندامی سەنگەر و زیندانی سیاسییە.
لاهور شێخ جەنگی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان