ناس کورد-
سهرۆكی شارهوانیی ههولێر رایگەیاند، 60%ی زەوییەكانی قەرەبوی گوندی كۆری تاپۆیان تەواو بووە و پێیان دەدرێتەوە، دواتر رێگە پێدانی دروستكردنی خانوویان پێ دەدرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عبدالواحد ئەحمد، سهرۆكی شارهوانیی ههولێر لە راگەیەنراوێکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە وتى "گشت بەراییەكانی ئەو زەوییانەمان رەوانەی تاپۆی عهینكاوە كرد، ئێستا چاوەڕیین تۆماری تاپۆی ئەو زەوییانە وەربگرینەوە، لە تاپۆی عهینكاوە بەڵێنمان وەرگرتووە 60%ی تاپۆی ئە زەوییانە وەربگرینەوە، كە دووهەزار و 500 كارتە و كراونەتە تاپۆ".
وتیشى "بڕیارە ئێمە لە هەفتەی داهاتوو بانگەوازێك بكەین كە ئەو كەسانە سەردانمان بكەن بۆ وەرگرتنەوەی تاپۆكانیان، بۆ 40%ی كارتەكانی تریش، قەرەبووی جووتیارانی تێدایە، ئێمە كاری خۆمان بۆ كشتوكاڵ ناردووە، ئەوانیش دواتر بۆ تاپۆی دەنێرن ئەوانیش لە ئاییندەیەكی نزیك تاپۆ دەكرێن".
سەرۆكی شارەوانیی هەولێر ئەوەشی خستە ڕوو "ئەو دووهەزار و 500 كارتەی كە كراونەتە تاپۆ، ئێمە بە خەڵكیان دەدەینەوە، هەروەها مژدەش بەو خەڵكە دەدەین كە رێگەپێدانیشیان پێدەدەین بۆ ئەوەی هەركەس نیازی خانوودروستكردنی هەیە، خانووی خۆی بكات، ئێمە هێشتا خزمەتگووزارییمان بۆ ئەو زەوییانە نەبردووە، بەڵام قۆناغی یەكەم دەرخستەیەك ئامادە دەدەكەین بۆ دیاریكردنی سەرەبلۆكەكان و دەواتریش بەپێی بودجەی بەردەست، خزمەتگوزاری بۆ ئەو شوێنە دەبەین".
باسى لەوەشکرد "راسپاردەی سەرۆكی حكومەت ئەوەیە، ئەو زەوییە كارتانە بكرێنە تاپۆ و پاشانیش خزمەتگوزاری بۆ ئەو زەوییانە دابین بكەین، ئێمەش راسپاردەكە جێبەجێ دەكەین".