ناس كورد_
منداڵێكی میسری كە نەخۆشی پوكانەوەی ماسولكەی هەبوو پاش وەرگرتنی گرانترین چارەسەر لە جیهان كە بەهاكەی زیاترە لە دوو ملیۆن دۆلار پاش سێ مانگ لە چاودێری پزیشكی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵی میسرییەكان كە "ناس كورد" بینیونی (22ی ئەیلولی 2021) حاڵەتی لەیال كە كچێكی منداڵی میسرییە لە شەش مانگییەوە دەركەوتووە، بەردەوامیش دۆخی تەندروستی خراپ بووە و نەیتوانیوە لەسەر پێ بوەستێت، دواتر پزیشكەكان بە باوكیان وتووە بەر لەگەیشتنی بە دوو ساڵ پێویستی بە چارەسەری جینی هەیە "zolgensma" كە تێچوونەكەی زیاترە لە دوو ملیۆن و 129 هەزار دۆلار و تەنها لەئەمەریكاش بەردەستە و بەرهەمی كۆمپانیای "نۆفارتس" ی دەرمانسازییە.
باوكی لەیال لە رێگەی سۆشیال میدیاوە كەمپینی بۆ نەخۆشییە دەگمەنەكەی كچەكەی كرد و بەیارمەتی خەڵك و دەوڵەت بوو بەیەكەم منداڵ لە میسر لە كۆی 14 حاڵەت كە لە سەرەتای ئابی ڕابردوو ئەو چارەسەرەی بەچاودێری پزیشكانی زانكۆی "عین الشمس" لە قاهیرە وەرگرت لە كاتێكدا یەك مانگی مابوو تەمەنی بگاتە دوو ساڵ. چارەسەرەكەش دەرزییەكە لە دەمارەوە دەكرێت بۆ منداڵی توشبوو و گواستنەوەی پێویستی بە پلەی گەرمای ژێر 80 پلەی سەدی هەیە.
هەر بەگوێرەی راپۆرتەكان لەوكاتەوە لەیال لەژێر چاودێری وردی پزیشكیدایە لە پسپۆرییە جیاجیاكان، بەڵام ئەمڕۆ كۆچی دوایی كرد و باوكی كە ناوی ئەحمەد عەزبە لە هەژماری خۆی نووسیویەتی «لله ما أعطى ولله ما أخذ.. ليال في ذمة الله».