گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

بافڵ تاڵەبانی هەندێ گۆڕانكاری لەناو پێشمەرگەی 70 ڕاگەیاند

2021.09.22 - 20:15
App store icon Play store icon Play store icon
بافڵ تاڵەبانی هەندێ گۆڕانكاری لەناو پێشمەرگەی 70 ڕاگەیاند

ناس کورد-

 

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی هەندێ گۆرانکاریی لەناو هێزەکانى 70 راگەیاند و جەختیکردەوە، لەمەودوا رێگەنادرێت هیچ کەسێک بەناوی پێشمەرگەوە دەستدرێژی بکاتە سەر موڵکی گشتی و یاساشکێنی بکات. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەکەى کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، بافڵ تاڵەبانى ئەمڕۆ چوارشەممە لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندەی ھێزەکانی حەفتا جەختیکردووەتەوە، ھەرکەسێک لە هەر پلە و بەرپرسیارێتییەکدا بێت و سەرپێچى بکات بەتوندترین شێوە رووبەڕووی دەبنەوە و راپێچی بەردەم دادگای دەکەن.

 

دەقى راگەیەنراوەکە:

 

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە قەڵاچوالان بە ئامادەبوونی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی ھێزەکانی حەفتا و مەحمود سەنگاوی، سەرپەرشتیاری ھێزەکانی حەفتا و عەبدوڵا کانی بەردی، لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی پێشمەرگە و ھیوا عەبدوڵا، لێپرسراوی میحوەری چواری کەرکوکی ھێزی پێشمەرگە لەگەڵ ئامرلیواکانی ھێزی پێشمەرگە کۆبووەوە.

 

لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی باسی لە گرنگی و رۆڵی فەرماندەکانی پێشمەرگە کرد و وتی، ئێوە پارێزەر و خاوەنی یەکێتین و ئێمە مێژووی پڕ لە خەبات و شانازی ئێوە لە یادناکەین. لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ پێداچوونەوە و رێکخستنەوەی یەکەکان و بەرەوپێشچوونی توانا سەربازییەکان. 

خزمەتکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بە ئەرکی خۆمان دەزانین و لەداهاتووشدا گۆڕانکارییەکان دەبینن. لەو چوارچێوەیەشدا وەرگرتنی ئابوونەی حیزبی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە قەدەغەکرا، بافڵ تاڵەبانی وتی دەبێت هەمووان خزمەتی پێشمەرگە قارەمانەکانمان بکەین و لە ئاست رۆڵ و قوربانیدانیان بین.

 

لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی باسی لە هەوڵەکانی رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد و رایگەیاند، یەکێتی پەرۆشی دروستکردنی هێزێکی نیشتمانییە کە بەرگری لە خاکی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی بکات. بەپشتیوانی هاوپەیمانان و دۆستەکانمان ئەم پرۆسە نیشتمانییە جێبەجێ دەکەین و هێزی پێشمەرگە دەکەینە هێزێکی پڕچەک و پۆڵایین بەشێوەیەک لەئاست تەحەددییەکان بێت و پارێزەری سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بێت.

 

ھەر لەکۆبوونەوەکەدا ھاوسەرۆک سەبارەت بەچاکسازییەکان و رووبەڕووبوونەوەی یاساشکێنان رایگەیاند، دەبێت ھێزی پێشمەرگە وەک ھەمیشە سەرمەشقی گۆڕانکاری بن و پارێزەری جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا بن. لەمەودوا رێگەنادرێت هیچ کەسێک بەناوی پیرۆزی پێشمەرگەوە دەستدرێژی بکاتە سەر موڵکی گشتی و یاساشکێنی بکات. ھەرکەسێکیش لە هەر پلە و بەرپرسیارێتییەکدا بێت بەتوندترین شێوە رووبەڕووی دەبینەوە و راپێچی بەردەم دادگای دەکەین. کەدڵنیام ھێزی پیرۆزی پێشمەرگە وەک ھەمیشە پشتیوانی سەرخستنی ئەم پرۆسە نیشتمانییە دەبێت.