گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

ئەمەریکا هۆکارى دروستکردنى گەورەترین کونسوڵخانەى لە هەولێر ئاشکراکرد

2021.09.22 - 20:02
App store icon Play store icon Play store icon
ئەمەریکا هۆکارى دروستکردنى گەورەترین کونسوڵخانەى لە هەولێر ئاشکراکرد

ناس کورد-

 

کونسوڵى گشتى ئەمەریکا لە هەولێر رایگەیاند، وڵاتەکەى لەهەرێم دەمێنێتەوە، بۆیە گەورەترین کونسوڵخانە لەسەر ئاستى جیهان لە هەولێر بنیاتدەنێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

رۆبەرت پالەدینۆ ئەمڕۆ چوارشەممە لەوتەیەکدا لە ڕێوڕەسمی یادی دە ساڵەی کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێم و تەواوبوونی هەیکەلی باڵەخانەی تازەی کونسوڵخانە لە هەولێر جەختى لە مانەوەى وڵاتەکەى کردەوە لەهەرێم و عێراق.

 

وتیشى "هۆکارى دروستکردنى ئەم کونسوڵخانە گەورەیە لێرە پەیوەندیدارە بە پەیوەندییەکانى نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان".

 

رۆبەرت پالەدینۆ جەختیکردەوە، کونسوڵخانەکە ئاماژەیە بۆ ئەوەى ئەمەریکا لێرە دەمێنێتەوە، ئەوەش مایەی سەقامگیرییە  بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق.

 

لاى خۆیەوە، مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم وتى "لە مانگی نیسانی رابردوودا، 30 ساڵ بەسەر دەستێوەردانی مرۆیی تێپەڕی، زۆر قسە لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان وئەمەریکا گووتران، بەڵام دەمەوێت لێرە دووپاتی بکەمەوە، کە پەیوەندییەکانمان، پەیوەندیی بەردەوام  و ستراتیجین".

 

وتیشى "بەهێزی پەیوەندیی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان، لە كاتی ڕوودانی چەندین پێشهات و گۆڕانکاریی ئێرە  و دەرەوە سەلمێنراوە".

 

"ڕووداوە هەرێمییەکانی ئەم دواییە، بە تایبەتی ڕووداوەکانی ئەفغانستان. هەڕەشەی چەوساندنەوە و چارەنووسێکی نادیاری رووبەڕووی هەموومان کردەوە. گەلی کوردستان بەشێکی زۆری لە بارگرانییەکانی  چارەنووس نادیاریی، بەرکەوتووە، لە پێناو بەرگریکردن لە بەهاو مافەکانیشی، قوربانییەکی زۆری داوە". 

 

مەسرور بارزانى جەختیکردەوە، لەم هەرێمەدا شەڕی دژی داعش کۆتایی نەهاتووە، تا ئێستاش داعش هەڕەشەیە بۆ سەر بەها هاوبەشەکانمان و سەقامگیریی و ئاشتی لە ناوچەکە و جیهان.

 

باسى لەوەشکرد "سەرەتای ئەمساڵ، باسی گرنگیی پابەندبوونی ئەمریکا بەرامبەر کوردستانم بۆ باڵیۆزی ئەمەریکا ماتیۆ تولەر کرد، ئەویش لەوەڵامدا وتی؛ بەڕێز سەرۆک وەزیران، ئێمە گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە جیهان، لە هەولێر دروست دەکەین، چی لەمە زیاتر بکەین بۆ پیشاندنی پابەندی ئەمریکا؟".

 

مەسرور بارزانى گەشینى خۆى نیشاندا بە داهاتووی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و کوردستان، "پەیوەندییەکانمان تەنیا لە پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش، سنووردار نەکراوە ، بەڵکو زۆر لەوە فراوانترە".