گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پارتی لەگەڵیدا نیە

پرسی بۆردومانەکانی تورکیا دەخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراقەوە؟

2019.06.30 - 14:24
پرسی بۆردومانەکانی تورکیا دەخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراقەوە؟
ناس کورد فراكسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق واژووى 52 په‌رله‌مانتارى كۆكردوەتەوە و داوایان لە سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان کردووە پرسى بۆردومانه‌كانى سوپاى توركیا بخاته‌ به‌رنامه‌یه‌كى كاره‌وه‌ و میوانداری هه‌ر یه‌كه‌ له‌ حكومه‌تى عێراق و هه‌رێمى كوردستانیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بكرێت. . به‌هار مه‌حمود، ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانى عێراق به‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بە واژووی 50 پەرلەمانتار، سەرۆکایەتی پەرلەما دەتوانێت پرسێک بخاتە ناو بەرنامەی کاری دانیشتنەکانەوە و ئەوان داوایانکردووە دانیشتنێک تایبەت بکرێت بە پرسی بۆردومانەکانی تورکیا. وتیشى، كێشه‌ى بۆردومانه‌كانى توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ سنورییه‌كان پرسێكى نیشتیمانیه‌ و به‌ئه‌ركى خۆیانى ده‌زانن كارى له‌سه‌ر بكه‌ن. . دوێنى شه‌ممه‌ 29ی حوزەیران 2019، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر پرسى بۆردومانه‌كانى توركیا ڕاگه‌یه‌ندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌ هۆكارى بۆردومانه‌كانى بۆ بوونى چه‌كدارانى په‌كه‌كه‌ له‌وناوچانه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ و ڕاشیگه‌یاند، نیگه‌رانیه‌كانى حکومەتیان له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ توركیا گه‌یاندووه‌.   . هه‌ر له‌و باره‌‌وه‌ كاوه‌ محه‌مه‌د، په‌رله‌مانتارى فراكسیۆنى گۆڕان له‌په‌رله‌مانى عێراق، كه‌ واژووکانی کۆکردوەتەوە به‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند" پشتیوانیه‌كى باشیان له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانى ترى ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ هه‌یه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ن سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان داواكاریه‌كه‌یان بخاته‌ به‌رنامه‌ى كاره‌وه‌." . لە ئه‌گه‌ری ئەوەی داواکارییەکە نەخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانەوە، په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى گۆڕان جه‌ختیى كرده‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بن و ته‌واوى هه‌وڵه‌كانیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ. .

پارتی لەگەڵ داواکارییەکەدا نیە

لەگەڵ ئەوەی پەرلەمانتارێکی پارتی واژووی داواکارییەکەی کردووە، بەڵام وەکو سیاسەتی حزبەکە لەگەڵ ئەوەدانیە ئەو پرسە لە پەرلەمانی عێراق بوروژێنرێت بەوپێیەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی کرێکاران (پەکەکە) باش نیەو چەندیجار داوای کردووە قەندیل چۆڵبکات. . به‌شیر حه‌داد، جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق کە لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە به‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند، هێشتا ئه‌و داواكارییه‌ى په‌رله‌مانتاران نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان، ئه‌گه‌ریش بگاته‌ ده‌ستیان مه‌رج نیه‌ بخرێته‌ به‌رنامه‌ى كاره‌وه‌. . جێگره‌ کوردەكه‌ى سه‌رۆكى په‌رله‌مان جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌، كه‌ى داواكارییه‌كه‌ى په‌رله‌مانتاران گه‌یشته‌ ده‌ستیان ئه‌وكات بڕیارى له‌باره‌وه‌ ده‌ده‌ن. . هاوکات غالب محه‌مه‌د ئه‌ندامى فراكسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەران به‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند "پارتى له‌گه‌ڵ ئه‌و داواكاریه‌دا نیه‌، چونكه‌ ده‌یه‌وێت په‌كه‌كه‌ له‌قه‌ندیل و ئه‌و ناوچانه‌ ده‌ربكات و نایه‌وێت به‌جدى له‌گه‌ڵ توركیادا ئه‌و پرسه‌ یه‌كلا بكاته‌وه‌ و له‌ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمیشدا هه‌ڵوێستى پارتى ڕوون بوو." . لە سەر هەڵوێستی پارتی، نه‌هرۆ ڕه‌واندوزى په‌رله‌مانتارى فراكسیۆنى پارتى له‌په‌رله‌مانى عێراق به‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند "ئه‌و بابەتە‌ په‌یوه‌ندى به‌ سه‌روه‌رى خاكى عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئه‌و پرسه‌ ته‌نها له‌سه‌ر پارتى ڕاناوه‌ستێت، ڕاى ئه‌رێنى و نه‌رێنى پارتى له‌سه‌ر پرسه‌كه‌ كاریگه‌رى نیه‌ و سێ سه‌د و په‌نجاو نۆ په‌رله‌مانتارى تر هه‌یه.‌" . هاوکات  ناسر هه‌ركى په‌رله‌مانتارى پارتى پێی وایە، په‌رله‌مان ناتوانێت ئه‌و پرسه‌ چاره‌سه‌ر بكات، "چونكه‌ حكومه‌تى عێراق به‌ئاشكرا ده‌زانێت په‌كه‌كه‌ له‌ناوچه‌ سنوریه‌كانى توركیا وشه‌نگالدا بوونیان هه‌یه‌ و هۆكارن بۆ ئه‌وه‌ى پاساو بده‌نه‌ ده‌ستى توركیا هێرش و بۆردومانى ناوچه‌ كوردییه‌كان بكات و حكومه‌تى عێراقیش پشتیوانیان ده‌كات."   . ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو 27ی حوزەیرانی 2019، فڕۆکەکانی تورکیا ىۆردومانی شاخی کورتەکی بناری قەندیلیان کردوو و بەهۆیەوە چوار کەس شەهید بوون و پێنجی تریش بریندار بوون کە سەرجەمیان ئەندامی خێزانێک بوون. .