ناس کورد-
کەشناسێک پێشبینی دەکات، سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەهۆی کاریگەری تۆپەڵە هەوایەکی ساردی جەمسەرییەوە ئەگەر هەیە لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان باران ببارێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سیروان ساڵح، کەشناسی تایبەتمەند لە هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا (20ی ئەیلولی 2021) دەڵێت، کۆتایی ئەم هەفتەیە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەهۆی کاریگەری تۆپەڵە هەوایەکی ساردی جەمسەرییەوە لە بەشێكی چیاکانی باکووری کوردستان و باکووری تورکیا و باکووری ئێران ئەگەری بەفربارین هەیە و هەروەها ئەگەری بارانێکی زۆر هەیە لەو ناوچانە.
دەشڵێت، "ئەو تۆپەڵە هەوا جەمسەریە لەبەر ئەوەی بەسەر دەریای ڕەشەوە تێدەپەڕێت و خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاستیش دەگرێتەوه ئەگەر هەیە بڕێک شێ بهێنێتە چیاکانی هەرێمی کوردستان و ئەگەری بارانبارین هەیە لە ناوچه شاخاوییە سنورییەکانی باکووری سلێمانی و هەولێر و دهۆك و پلەکانی گەرمی بەڕێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و دوور نییە لە لوتکە چیاکانی حەساڕۆست و هەڵگورد بڕێکی کەم بەفر ببارێت."
ئەو کەشناسە باسی لەوەشکردووە کە "له ناوچەکانی گەرمیانیش بەتەوای پلەکانی گەرمی دێنە خوارەوەو لە ناوەڕاستی پلەی سییەکان جێگیر دەبن و بەشەوان هەست بە سەرما دەکرێت."