ناس کورد-
دوو لایەنى دیکە لەدۆسیەى گیان لەدەستدانى کچە پزیشکەکەى هەولێر هاتنەسەرخەت و خاوەنى ئەو مەلەوانگەیەش دەستگیرکرا کە ئەو کچە تێیدا گیانى لەدەستدا، پزیشکى دادوەریش کەمتەرخەمى لەرووداوەکەدا ئاشکرادەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حەوتى ئەم مانگە (ئەیلول) فرمێسک فەرهاد حەسەن 25 ساڵ پزیشکى ددان بە هۆکارێکی نادیار لە مەلەوانگەی فۆرستیزن لە هەولێر گیانی لەدەستدا و کەسوکارەکەشى سکاڵایان تۆمارکرد و گومانى خۆیان لەو بارەیەوە راگەیاند.
دواى زیاتر لە ١٠ رۆژ لە گیان لەدەستدانى ئەو پزیشکە، پزیشکى دادوەرى هۆکارەکەى بۆ "کەمتەرخەمى" گەڕاندەوە و ئەوەى ئاشکراکرد کە هۆکارەکەى خنکانى بووە لەمەلەوانگەکە نەک جەڵتەى دڵ.
فەرهاد مەلا حەسەن باوکى دکتۆر فرمێسک ئەمرۆ دووشەممە (20 ى ئەیلول 2021) بۆ "ناس کورد" وتى "کچی ێمە هیچ کێشەى تەندروستى نەبووە، لەبەرئەوەى خۆى پزیشک بووە زۆر ئاگادارى تەندروستى خۆى بووە، لە هەمانکاتدا مەلەوانێکى بە تواناش بووە. بۆیە هەر لەسەرەتاوە گومانمان لە جۆرى مردنەکەى هەبووە".
لەدواى رووداوەکەوە مەلەوانگەگە داخراوە و بەرپرسانى مەلەوانگەکەش هیچ قسەیەکیان نەکردووە.
فەرهاد مەلا حەسەن ئاماژەى بەوەکرد، خاوەنى مەلەوانگەکە دەستبەسەر کراوە، لە ئێستادا چەند لایەنێکى دیکە هاتونەتە ناو دۆسیەکەوە لەوانەش یەکێتى مەلەوانانى کوردستان کە لە لایەن دادوەرە چەند پرس و ڕایەکیان لەگەڵ دەکرێت هەروەها هەندێک کەسى تریش لە ناو مەلەوانگەکە بانگهێشت کراون کە پێیان دەڵێن ڕزگارکەرى مەلەوانى لەگەڵ تیمێکى پارێزەران.
فرمێسک ماوەى مانگێک بوو بۆ چارەسەرى تەندروستى و لەسەر بنەماى راوێژى پزیشک دەچووە ئەو مەلەوانگەیە، ئەو بەیانییەى گیانى لەدەستدا خوشکێکى بچوکى تەمەن هشت ساڵانى لەگەڵ بووە.
دواى نزیکەى هەفتەیەک لە گیان لەدەستدانى، دایک و باوکى دکتۆرە فرمێسک 13ى ئەیلول بەفەرمى سکاڵاى یاساییان تۆمارکرد لەبارەى گیان لەدەستدانى کچەکەیان لە مەلەوانگەیەکى هەولێر و داوا دەکەن لایەنى کەمتەرخەم دیاری بکرێت.
یەکێک لە پارێزەرانى دۆسیەکە دواى تۆماکردنى سکاڵاکە وتى "دایک و باوکى د.فرمێسک سکاڵایان تۆمارکردووە، بەبێ ئەوەى هیچ کەس لایەنێک تۆمەتبار بکەن، بەڵام دەیانەوێت لایەنى کەمتەرخەم دیاریبکرێت و دادگاى لێکۆڵینەوە رێکارى یاسایی ئەنجام بدات".
فرمێسکى پزیشک جگە لە کارى پزیشکى ددان هونەرمەند بوو، لەچەند مانگى رابردوودا پرۆژەیەکى بۆ گونجاندنى هونەرو پزیشکى بەناوى (هونەر و تەندروستى لە پێناو مرۆڤایەتى) راگەیاند.
بڕیار بوو فرمێسک لە چوارچێوەى پرۆژەکەیدا مانگى داهاتوو بچێتە وڵاتى کەنەدا و دواتر ئەمریکا، بەڵام مەرگ ڕێگەى پێنەدا.