ناس کورد-
وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، پلانیان هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ 20 ملیۆن کەس بە ڤاکسینی کۆرۆنا بکوتن و هۆشداریش دەدات لەوەی، لەگەڵ هاتنی وەرزی پایزدا پەتا وەرزییە گوازراوەکان زیاتر دەبن و ئەوەش هۆکارێک دەبێت بۆ زیاتر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ربی فەلاح، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی پزیشکی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق (دووشەممە 20ی ئەیلولی 2021) بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاند، "بۆ بەرگرتن لە شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا پلانمان هەیە تا کۆتایی ساڵ 20 ملیۆن کەس بە ڤاکسینی کۆرۆنا کوترابن، ئەوەش پەیوەستە بە خواستی هاووڵاتیان بۆ خۆکوتان و هەروەها ئەو کۆمپانیایانەی ڤاکسین دابین دەکەن."
وتیشی، "پێشبینی دەکەین تا ئێستا ڕێژەی ئەو کەسانەی کوتراون لە هەموو عێراق گەیشتبێتە 18%ی ئەو کەسانەی کە پێویستە بکوترێن."
ڕوونیشکردەوە، "زوو هێشتا باسی ئەوە بکەین کە لە عێراق بەرگریی گشتی دروست بووبێت، چونکە بۆ گەیشتن بەوە پێویستە %50ی هاووڵاتیان (ئەوانەی لە تەمەنی وەرگرتنی ڤاکسینەکەدان) ڤاکسینیان وەرگرتبێت."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق هۆشداریشی دا لەوەی، "لەگەڵ هاتنی وەرزی پایز و سەرمادا پەتا و نەخۆشییە گوازراوە وەرزییەکان زیاتر دەبن و ئەوەش هۆکارێکە بۆ زیاتر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان زیاتر پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن."
باسی لەوەشکرد، "بەهۆی کوتانی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان بە ڤاکسینەکە، لە ڕۆژانی ڕابردووداژمارەی گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسەکە و حاڵەتە قورسەکان کەمی کردووە."
هاوکات داواشی لە هاووڵایان کرد، لەگەڵ جێگیربوونی دۆخەکە لەدوای شەپۆلی سێیەم زیاتر خۆیان بپارێزن، چونکە، "نەک تەنها هەر شەپۆلی چوارە، بەڵکو لەوانەیە توشی شەپۆلی زۆر قورستر بین."