گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

هەمووان بەداخن بۆی

چیرۆکى ئەو بەڕێوبەرە ژنەى كۆرپەیەكی سێ ڕۆژەی لەپاش خۆی بەجێهێشت

2021.09.19 - 15:40
App store icon Play store icon Play store icon
چیرۆکى ئەو بەڕێوبەرە ژنەى كۆرپەیەكی سێ ڕۆژەی لەپاش خۆی بەجێهێشت

ناس کورد-

لە دووەم هەفتەی دەوامی خوێندندا خوێندكارانی قوتابخانەی شەهید ستار لە شارەزوور بەهەواڵی مەرگی بەڕێوەبەرەكەیان بەهۆی كۆرۆناوە شۆك بوون و مامۆستاكانیان لەبری هۆڵەكانی خوێندن ئەمڕۆ بەرەو گۆڕستان بۆ بەڕێكردنی تەرمی مامۆستا سەمیرە محەمەد چوون.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

مامۆستا سەمیرە كە شەش ساڵە بەڕێوەبەری گەورەترین خوێندنگەی بنەڕەتی بوو لە وارماوای شارەزوور، كۆرۆنا نەیهێشت ئەم ساڵ وەك ساڵانی تر لەگەڵ خوێندكارەكانیدا بێت و هێشتا چەند ڕۆژێك تێپەڕی نەكردووە بەسەر گەڕانەوەی جوڵە و چالاكی بۆ خوێندنگاكەی كەچی ئەو ماڵاوایی یەكجاری كرد بۆ گۆڕستان.

 

مامۆستا سەمیرە كە زۆربەی مامۆستایان و قوتابییەكانی بەداخن بۆ مردنی و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان شیوەنی بۆ دەكەن، دەوروبەری مانگێك بەر لە ئێستا توشی نەخۆشی كۆرۆنا بوو، ئەمیش دووگیان بووە و لەمانگی كۆتایی سكپڕیدا بووە. سێ ڕۆژ بەر لە ئێستا كۆرپەكەی بە تەندروستییەكی باشەوە لەدایكبوو، هاوڕێ و كەسوكاری پێیانوابوو ئەویش وەك منداڵەكەی رزگاری دەبێت و بەهیوا بوون چاك ببێت، بەڵام ئەمڕۆ (19ی ئەیلولی 2021) بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستییەوە گیانی لەدەست دا و كۆرپە سێ رۆژەكەی و دوو منداڵەكەیتری و هەموو قوتابخانەكەشی بەیەكجاری بەجێهێشت، لەكاتێكدا كە یەكێك لەمنداڵەكانی لە نەخۆشخانەی هیوا چارەسەر وەردەگرێت. 

 

مامۆستا بەهار ئەحمەد كە چەند ساڵێكە یاریدەدەر و هاوڕێى نزیکى مامۆستا سەمیرەیە چەند كاتژمێرێك پاش گیان لەدەستدانی هاوڕێكەی بە قوڕگى پڕ و بەدەم گریانەوە بە "ناس کورد"ى وت، "سەمیرە نمونەى مرۆڤ و مامۆستا و بەڕێوبەر و هاوڕێ و دایکیش بوو لەهەمان كاتدا". ئەم شایەتییەی م. بەهار هەمان ئەو ستایش و وەسفانەیە بۆ م. سەمیرە نوسراون لەزۆربەی ئەو پۆست و كۆمێنتانەی لەسەر هەواڵی مەرگی كراون چ لەلایەن قوتابییەكانی بێت یان كەس و كاریانەوە.

 

م. بەهار باسی لەوەكرد لەم ماوەیە دایک و باوکێک ویستویانە کچەکەیان لە خوێندنگە دەربکەن چونكە نەیتوانیوە بەتەنها هاتوچۆی قوتابخانە بكات "سەمیرە خۆی چوو بۆ ماڵیان ڕازیکردن بەوەی ڕێگە بە خوێندنى کچەکەیان بدەن و بەڵێنى پێدان لەگەڵ خۆی هاتوچۆی پێ بكات".

 

بەهار بەداخە بۆ ئەوەی كۆتا جار كە قسەی لەگەڵ كردووە شەوی ڕابردوو بەدەم ئازاری كۆرۆنا و لە بارودۆخی پاش مناڵبوونیش هەر پرسیاری خوێندن و كچە خوێندكارەكانی كردووە "تەنانەت پرسیاری خشتەی وانەكانیشی كرد و هەر پەرۆشی دەوام بوو".

 

م. سەمیرە لە ساڵی 2008 بۆ یەكەمجار بووەتە مامۆستا، ماوەی شەش ساڵیشە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەكی بنەڕەتی كچان بووە، لەبارەی كارەكانیشییەوە پەروەردەی شارەزوور لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت "م. سەمیرە مامۆستایەكی ماندوو نەناس و بەڕێوبەرێكی سەركەوتوو بووە لەسەر ئاستی سنوورەكە".

 

م. نەبیل حەمە ساڵح، كە لێپرسراوی میلاكات و خۆییەكانی پەروەردەی شارەزوورە، بە "ناس كورد" ی وت: هەرچی بوترێت بۆ ستایشی ئەم مامۆستایە هێشتا هەر كەمە، پێشتر دوو منداڵی بووە مۆڵەتی دایكایەتی نەكردووە لەبەر خاتری قوتابخانەكەی و ساڵانەش لە 10 یەكەمەكەی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی لە سنوری پەروەردە چەند قوتابییەكی هی قوتابخانەكەی م. سەمیرە بووە.

 

سبەی قوتابیانی قوتابخانەكەی م. سەمیرە دەچنەوە بۆ هۆڵەكانی خوێندن، سەرباری ئەوەشی چی تر بەڕێوەبەرە دڵسۆزەكەیان نابیننەوە، بەڵام هەمیشە "وەك كەسێكی پەروەردەیی كە جێگە دەستی دیارە لە پێگەیاندنی كچان و قوتابیان ناو و یادگارییەكانی دەمێنێتەوە" یەكێك لە مامۆستایانی ناحیەی وارماوا وای نووسیوە. 

 

قد تكون صورة لـ ‏‏‏١١‏ شخصًا‏ و‏أشخاص يبتسمون‏‏

م. سەمیرە لە مەراسیمی رۆژی هەڵكردنی ئاڵا لە قوتابخانەكەی _ یەكەمی لای ڕاست